رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، 11ـی ئابی 2026، یەکەم رۆژی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەییە لە بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی. گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، شوێنی خوێندکارەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و لە هەمان هۆڵی خولی یەکەم تاقیکردنەوە ناکەن.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، شەممە، 8ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خوێندکاران دەتوانن لەڕێگەی لینکێکەوە کە لە پەڕەی فەرمیی وەزارەتی پەروەردە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، شوێن و هۆڵی تاقیکردنەوەکانیان بەگوێرەی پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و قوتابخانەکانیان بزانن."
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە خوێندکاران رۆژێک پێش تاقیکردنەوەکان سەردانی قوتابخانەکانی خۆیان بکەن، بۆ دڵنیابوونەوە لە شوێن و هۆڵەکانیان.
لەبارەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانەوە پەیمان خواجە گوتی: "نزیکەی چوار رۆژ دوای تاقیکردنەوەکان، ئەنجامەکان لەڕێگەی لینکی ئەزموونەکانەوە رادەگەیێندرێت."



.jpeg&w=3840&q=75)