رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێ، بۆریی ئاوی دووکان – سلێمانی لە هێڵی دووی ناوچەی قولەرەیسی شکاوە. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە رووداوی گوت، بۆرییەکە ئاوی 50%ـی گەڕەکەکانی سلێمانی دابین دەکات.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم بەیانییە لە رێگەدا بووین بۆ دووکان تاوەکو ئەو سێ پەمپە تاقی بکەینەوە کە بەشێک لە کێشەی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەکەن، بەڵام لەو کاتەدا لە شکانی بۆری ئاوی هێڵی دوو ئاگادارکراینەوە."
بە گوتەی ئامانج جەلال، لە سلێمانی زیاتر لە 190 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرچاوەی زۆرینەیان ئاوی پڕۆژەی سەرچنار و ئاوی هێڵەکانی یەک و دووی سلێمانییە.
لەبارەی هۆکاری شکانی بۆرییەکەوە ئامانج جەلال گوتی: "شۆفڵێک لە نزیک بۆرییەکە کاری کردووە، بەسەریدا رۆیشتووە و شکاندوویەتی."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێ، ئەو گەڕەکانەی دەکەونە دەرەوی بازنەی مەلیک مەحموود تاوەکو چاککردنەوەی بۆرییەکە بێئاو دەبن و لەبارەی کاتی چاکرکردنەوەکەیشی گوتی: "تیمەکان بێ وەستان کاری لەسەر دەکەن و هەوڵ دەدرێ لە زووترین کاتدا کێشەکە چارەسەر بکرێ، بەڵام پێشبینی دەکرێ چەند رۆژێک بخایەنێت."
ئەمڕۆ ئەو سێ پەمپەی بەشێک لە کێشەی بێئاوی لە سلێمانی چارەسەردەکەن، تاقی دەکرێنەوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، کاراکردنی ئەو سێ پەمپە دوو رۆژ بەردانەوەی ئاو پێش دەخات واتە ئەو گەڕەکانەی 8 رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرایەوە، دەبێتە 6 رۆژ و ئەوانەی 5 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرا دەبێتە 3 رۆژ.


