رووداو دیجیتاڵ
بۆریی ئاوی دووکان - سلێمانی شکاوە و تیمەکان سەرقاڵی چاککردنەوەن. بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، گەڕەکەکانی دەرەوەی شەقامی 60 مەتریی سلێمانی بێئاو دەبن، لەوانەش ئیبراهیم ئەحمەد، سێتوان، کانی با، کازیوە و کۆمپانیاکانی نەوزاد.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ماوەی 2 - 3 رۆژیان پێدەچێت بۆ چاککردنەوەی بۆرییەکە. سەبارەت بە گەڕەکەکانی نێو شەقامی 60 مەتریی سلێمانییش گوتی، "ئەو گەڕەکانە کێشەیان نابێت."
بە گوتەی بەختیار تاهیر، بەهۆی شکانی بۆرییەکەوە ناوچەکانی نێوان شارۆچکەی ئەڵڵایی تاوەکو چەمچەماڵ بێئاو دەبن.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە 8ی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم بەیانییە لە رێگەدا بووین بۆ دووکان تاوەکو ئەو سێ پەمپە تاقی بکەینەوە کە بەشێک لە کێشەی ئاوی سلێمانی چارەسەر دەکەن، بەڵام لەو کاتەدا لە شکانی بۆری ئاوی هێڵی دوو ئاگادارکراینەوە."
بە گوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بەهۆی شکانی ئە بۆرییەوە نزیکەی 50%ی گەڕەکەکانی سلێمانی بێ ئاو دەبن. لەبارەی هۆکاری شکانی بۆرییەکەوە ئامانج جەلال گوتی: "شۆفڵێک لە نزیک بۆرییەکە کاری کردووە، بەسەریدا رۆیشتووە و شکاندوویەتی."
بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەو سێ پەمپەی بەشێک لە کێشەی بێئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەکەن، تاقی بکرێنەوە، بەڵام بەهۆی شکانی هێڵی دووی ئاوی دووکان - سلێمانی دوادەکەوێ. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، کاراکردنی ئەو سێ پەمپە دوو رۆژ بەردانەوەی ئاو پێش دەخات، واتە ئەو گەڕەکانەی 8 رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرایەوە، دەبێتە 6 رۆژ و ئەوانەی 5 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرا دەبێتە 3 رۆژ جارێک.

