رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دووکان لە پارێزگای سلێمانی، تەرمی گەنجێکیان لە دەریاچەکەدا دۆزییەوە کە دوێنێ شەو کەوتبووە نێو ئاوەکەوە. بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێ، هاووڵاتییەکە عەرەبە و بۆ سەیران چووبووە دووکان.
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 7ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو گەشتیارەی دوێنێ بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ کەسوکاری چووبوونە سەیرانگای دووکان، نزیکەی کاژێر 8ـی شەو لە ئاوەکەدا مەلەی کرد و دیارنەما."
بە گوتەی ئارام عەلی، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دووکان زوو چوونە شوێنی رووداوەکە و دوای نزیکەی 12 کاژێر گەڕان، تەرمەکەیان دۆزیەوە.
گەشتیارەکە ناوی عەبدوڵڵا ناسم، تەمەنی 19 ساڵ و خەڵکی پارێزگای نەینەوایە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی گوتی، دوای گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان تەرمەکەی رادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

.jpeg&w=3840&q=75)

