رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان راگەیاند، بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا، پڕۆژەی 24 کاژێریی کارەبا لە سنوورەکە دواکەوتووە، ئاماژە بەوەشدەکات کە ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، ئەندازیار حازم کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاربوو حوزەیرانی ئەمساڵ کارەبای ئیدارەی گەرمیان بکرێتە 24 کاژێری، بەڵام بەهۆی کێشە تەکنیکییەکان و کەمبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانەوە تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە."
سەبارەت بە هەنگاوە پراکتیکییەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە، حازم کەریم گوتی، "رێکارەکان هەموویان کراون، لەوانە بەستنی گۆڕەری کارەبا و وەرگرتنی داتاکان کە تەنیا قەزای کفری ماوە."
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای گەرمیان روونیشیکردەوە، "ئێستا پڕۆژەکە لە قۆناخی کۆتاییدایە و تەنیا پێداچوونەوە بە پێوەری زیرەکی گشت هاوبەشان ماوە، دوای تەواوبوونی ئەو هەنگاوە، دەبێت کارەبای سنوورەکە بکرێتە 24 کاژێری."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای گەرمیان، ئێستا زیاتر لە 88 هەزار هاوبەشی کارەبا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هەن.
پڕۆژەی رووناکی لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا. ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاژێرییە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە و سیستمی پسووڵەی کۆن و کارەبای مۆلیدە کۆتاییپێبهێنێت.




