رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەکی هەولێر، رایگەیاند، 14 ئاودەستی نوێ لە سەنتەری شاری هەولێر دادەنرێن. بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک دەڵێت، لە کۆی ئەو ئاودەستانە، حەوت دانەیان بۆ پیاوان و حەوت دانەشیان بۆ ئافرەتان دەبن.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، سەنگەر محەممەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک، بە رووداوی راگەیاند، "شارەوانیی هەولێر هەوڵدەدات لە شوێنە گشتییەکانی شار تەوالێتی گشتی دابنێت، بەمەبەستی باشترکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاونیشتمانییان و گەشتیاران."
لەبارەی شەقامی ئیسکان، کە یەکێکە لە شەقامە قەرەباڵخەکانی شاری هەولێر و زۆر پێویستی بە ئاودەستە، سەنگەر محەممەد ئاماژەی بەوەدا، شارەوانی لەو ناوچەیە خاوەنی هیچ موڵکێک نییە، بۆیە تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە ئاودەستی گشتی لەوێ دابنێت. گوتیشی، لە داهاتوودا هەوڵدەدەین چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزینەوە، بۆ ئەوەی ئەو ناوچەیەش لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی یەک، ئێستا 23 تەوالێتی گشتی لە سەنتەری شاری هەولێر هەن و پلان هەیە ژمارەیان لە شوێنە پێویستەکانی دیکەی شاردا زیاتربکرێن.



