رووداو دیجیتاڵ بەشێک لە دانیشتووانی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر لە ئاستی خزمەتگوزارییەکان ناڕازین و جێگری پارێزگاری هەولێریش رایدەگەیێنێت، لیژنەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون و هەر کۆمپانیایەک پابەند نەبێت، سزای یاسایی دەدرێت یان مۆڵەتی خزمەتگوزارییەکەی لێ دەسەندرێتەوە. دانیشتووانی بەشێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر، بەتایبەتی لە هەردوو پڕۆژەی (لالاڤ ستی و شاری مامۆستایان)، نیگەرانیی خۆیان لە خراپیی خزمەتگوزارییەکان دەربڕیوە. ئەوان دەڵێن کۆمپانیاکان وەک پێویست خزمەتگوزاری پێشکێش ناکەن و ئاستی کارەکانیان لە ئاستی چاوەڕوانیی ئەوان دا نییە. هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "لە پارێزگای هەولێر دوو لیژنەی تایبەت بۆ چاودێریکردنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون هەن. ئەو لیژنانە بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشەکان دەکەن و هەر پڕۆژەیەک کێشەی هەبێت، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر." جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی رابردوودا بەهۆی سەرپێچی و کەموکورتی لە خزمەتگوزارییەکان دا، چەندین پڕۆژە سزادراون. وەک نموونەیەکیش باسی لە پڕۆژەی (ئاسودە ستی) کرد کە بەهۆی خراپیی خزمەتگوزارییەوە، کارەکان لە کۆمپانیای پێشوو وەرگیراوەتەوە و دراوەتە کۆمپانیایەکی دیکە. هێمن قادر گوتیشی: لیژنەکان بەدواداچوونیان بۆ پڕۆژەکانی (جیهان ستی، ماس، سلاڤا، هەرشەم و ناز ستی) کردووە و بەهۆی هەبوونی کەموکورتی لێکۆڵینەوە کراوە. هێمن قادر داوا لە هاونیشتمانیان و دانیشتووانی پڕۆژەکان دەکات، لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەک دا لیژنەکانی پارێزگا ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی مەیدانی بکەن. جەختیشی کردەوە کە ئەگەر بیسەلمێنرێت کۆمپانیایەک کەمتەرخەمە ئاگادار دەکرێتەوە، ئەگەر بەدەم داواکارییەکانەوە نەچوو، رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان02-08-2026قوربانییەکی بۆردوومانەکانی تورکیا: دوای 13 ساڵ تائێستا هیچ مووچە و قەرەبوویەکمان پێنەدراوە
هەواڵە ناوخۆییەکان02-08-2026گوتەبێژی ئاوی سلێمانی بۆ رووداو: سێ پەمپی نوێ بۆ هێڵی دووکان - سلێمانی زیادکران
هەواڵە ناوخۆییەکان02-08-2026وەزارەتی خوێندنی باڵا ناوی سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان بۆ دامەزراندن دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران