رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی مژدەی باشتربوونی دۆخی ئاوی بەشێک لە گەڕەکەکانی شارەکە دەدات و رایدەگەیێنێت، بەهۆی زیادکردنی سێ پەمپی نوێوە، ماوەی بێ ئاوی لەو گەڕەکانەی حەوت رۆژ جارێک ئاویان بۆ دەچوو، بۆ نیوە کەمدەبێتەوە.
ماوەیەکە بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی بەدەست کەمئاوییەوە دەناڵێنن و حەوت رۆژ جارێک ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە، ئەوەش نیگەرانیی لای دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دروستکردووە و باس لەوە دەکەن کە "نایەکسانی" لە دابەشکردنی ئاودا هەیە و هەندێک گەڕەک زووتر ئاویان پێدەگات.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "کێشەی زۆرمان لە هێڵی ئاوی دووکان - سلێمانی هەبوو، ئەوەش وایکردبوو لە هەندێک گەڕەک کە دەکەونە سەر ئەو هێڵە، شەش بۆ حەوت رۆژ جارێک بتوانین ئاویان پێ بدەین."
سەبارەت بە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، ئامانج جەلال گوتی: "ئێستا سێ پەمپی دیکەی ئاومان زیاد کردوون، لە سێ تاوەکو چوار رۆژی داهاتوودا کاری ئەو پەمپانە تەواو دەبێت و دۆخەکە بەرەو باشتربوون دەچێت."
گوتەبێژی ئاوی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بە کارکردنی ئەو پەمپانە دەتوانن سێ رۆژ جارێک ئاو بدەنە ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سەر ئەو هێڵە، بەتایبەت گەڕەکەکانی (کانی سپیکە، قڕگە و کوردسات).
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی کە دەڵێن جیاوازی لە نێوان گەڕەکەکاندا دەکرێت، ئامانج جەلال رەتیکردەوە هیچ جیاوازییەک هەبێت و گوتی: "هیچ جیاوازییەک لەنێوان گەڕەکەکان ناکەین، بەڵام ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سەر پڕۆژەی سەرچنار دۆخیان باشترە، چونکە ئەمساڵ بەهۆی بارانی زۆرەوە پڕۆژەی ئاوی سەرچنار لە دۆخێکی زۆر باشدایە."



