رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی تیمار کەرتی 5 هەزاریی سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر زیاتر لە 500 پارچە زەویی نیشتەجێبوون تاپۆکران، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە شارەوانیی هەولێر دەڵێت، دوای پێدانی تاپۆ رێگەپێدانی دروستکردنی خانووش دەستپێدەکات.
دلۆڤان سەرتیپ، بەرپرسی بەشی مۆڵەت لە شارەوانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، کەرتی 5 هەزاریی گەڕەکی تیمار کێشەی نەخشە و راستکردنەوەی کەند و چاککردنەوەی ژمارەی زەوییەکانی هەبوو، بەڵام چارەسەرکران و نێردراون بۆ یەکەی گۆڕینی کارت بۆ تاپۆ، دوای وەرگرتنەوەی تاپۆکان، رێگە بە خاوەنی زەوییەکان دەدرێت خانوو دروستبکەن.
یوسف تەها، سەرپەرشتیاری یەکەی گۆڕینی کارت بۆ تاپۆ لە وەزارەتی شارەوانیی بە رووداوی گوت، پێداچوونەوە بە کارتی زەوییەکانی کەرتی 5ـی تیمار کراوە و نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تاپۆ بەمەبەستی گۆڕینی کارتەکان بۆ تاپۆ.
لەبارەی ژمارەی زەوییەکانەوە، یوسف تەها رایگەیاند، ناوچەی تیمار پێکهاتووە لە پێنج بەش بەڵام تەنیا کەرتی 5ـی زەوییەکانی تیمار ژمارەیان زیاتر لە 5 هەزار زەوییە کە رەزامەندیی دروستکردنی خانووشیان بۆ دەرکراوە.
خزمەتگوزاری بۆ زەوییەکانی تیمار دابیندەکرێت
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، پلانی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بۆ کەرتی 5ـی تیمار و کەرتەکانی دیکە ئامادەکراوە، بەڵام هێشتا بودجەی پێویست نییە، بۆیە هەرکاتێک بودجە دابینکرا راستەوخۆ دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی خزمەتگوزاری دەکرێت.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژەی خزمەتگوزاری دەرخستەیان بۆ ئامادەکراوە و چاوەڕێی دابینکردنی بودجەی پێویست دەکەن بۆ جێبەجێکردنیان.



