رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا وەڵامی (نەوەی نوێ) دەداتەوە و دەڵێ، بەرپرسیارێتیی یاسایی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ئەستۆی نەوەی نوێیە و ئامادەین بچینە نێو هۆڵی پەرلەمان.
ئەمرۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026، مەرد عەلی خاڵە، بە ناوی فراکسیۆنی پارتییەوە لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند: "چەندین جار بانگەوازمان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کردووە، بۆ ئەو مەبەستە داوا لە (نەوەی نوێ) دەکەین دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێبکەنەوە، بەو پێیەی سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان لە فراکسیۆنی ئەوانە."
مەرد عەلی خاڵە ئاماژە بەوە دەکات، بەرپرسیارێتیی یاسایی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ئەستۆی نەوەی نوێیە و پێویستە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە کەشێکی دیموکراسی و بە دەنگی پەرلەمانتاران لە نێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
سەبارەت بە پەیامەکەی نەوەی نوێ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، نوێنەری فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "لارییمان نییە و ئامادەین بچێنە ناو هۆڵی پەرلەمان و لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکان پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەواوبکەین، هەر لایەنێکیش دەنگی پێویستی بەدەستهێنا پیرۆزبایی لێدەکەین."
فراکسیۆنی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە، بەڵام ئێستا هیچ بەرەو پێشچوونێک لە پرۆسەکەدا نییە.
سەبارەت بە مەرجی نەوەی نوێ کە دەبێت دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەلای هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بێت، مەرد عەلی خاڵە گوتی: "دانانی مەرج بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە دروست نازانین و دەبێ نەوەی نوی بێتە نێو هۆڵی پەرلەمان و لەوێ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی یەکلایی بکرێتەوە."
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا کە لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان سازکرابوو، نوێنەرەکەی فراکسیۆنی پارتی ئەماژەی بەوەش کرد، "نەوەی نوێ چیدیکە هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەو پێیەی خۆیان رایانگەیاندووە، کە لەگەڵ لایەنێکی سیاسیی هاوپەیمانێتییان واژۆ کردووە، ناکرێت بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە قسە بکەن."
نوێنەرەکەی فراکسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "ئێمە خاوەنی زۆرترین کورسیی پەرلەمانی کوردستانین و دەستی هاوکاری و هەماهەنگی بۆ هەموولایەک رادەکێشین کە بیانەوێت هەنگاو بنێنن بۆ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان."
