رووداو دیجیتاڵ
دوو گەشتیاری عەرەب لە گەلی شێرانە لە سنووری ناحیەی دێرەلووک و هاوینەهەواری ئینشکێ لە سنووری ناحیەی سەرسنک لە قەزای ئامێدی خنکان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تەرمی هەردوو قوربانییەکە دەرهێندران و بۆ دادپزیشکیی دهۆک گواستراونەتەوە.
هەرمان سدقی، خاوەنی پرۆژەی گەشتیاریی گەلی شێرانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ، گەنجێکی 28 ساڵ کە خەڵکی بەغدایە، لە گەلی شێرانەدا خنکاوە. دواتر تەرمەکەی بۆ بنکەی تەندروستیی دێرەلووک گواسترایەوە."
سەرچاوەیەکیش لە پۆلیس بە رووداوی راگەیاند، "لە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، لە هاوینەهەواری ئینشکێ منداڵێکی 8 ساڵانی عەرەب کەوتە نێو ئاو، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی، بەداخەوە خنکا."
تەرمی هەردوو قوربانییەکە بۆ دادپزیشکیی دهۆک گواستراونەتەوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.


