رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی دووەمی پڕۆژەی جووتسایدی دووکان – چوارقوڕنە لە پارێزگای سلێمانی کە 11 کیلۆمەتر بوو، تەواوکرا. بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێ، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 11 کیلۆمەتری دیکەش تەواوبکرێ.
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە 1ی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی بەرنامە و پلانەکەی، پڕۆژەکە 1000 رۆژ دەخایەنێت، بەڵام پێشبینی دەکەین زووتر لە وادەی خۆی تەواوبکرێ."
بە گوتەی محەممەد جەلیل، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای گاردینەوە بە شێوازێکی پێشکەوتووانە لە مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە بە چڕی کاری لەسەر دەکرێ.
بەگوێرەی زانیارییەکانی گاردین گرووپ، قۆناخی سێیەمی پڕۆژەکە 25 کیلۆمەترە، لە کانی وەتمانەوە دەستپێدەکات تاوەکو نێو قەزای دووکان.
بەڕێوەبەری گەشتیی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی سلێمانی روونیکردەوە، بودجەی پڕۆژەکە 243 ملیار دینارە و ئێستا لە پردی بێستانەوە تاوەکو کانی وەتمان رێگەکە تەواوکراوە.
لەبارەی کاتی تەواوبوونی جووتسایدەکەوە محەممەد جەلیل گوتی، "پرۆژەکە دەبێ مانگی ئایاری 2028 تەواوبکرێ، بەڵام ئەگەر بەو شێوازەی ئێستا کاری لەسەر بکرێ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2027 و پێش تەواوکردنی 1000 رۆژەکەی خۆی، دەخرێتە خزمەتی هاونیشتمانییانەوە."
پڕۆژەی ستراتیژیی جووتسایدی دووکان – چوارقوڕنە، لە نێو دووکانەوە دەست پێدەکات تاوەکو پردی بێستانە کە دوورییەکەی 36.5 کیلۆمەترە.
بەشی سێیەمی پرۆژەکە لە دوو ساید پێکهاتووە کە پانیی هەر سایدێک 15 مەترە و 3 رێڕەوی فراوانی هەیە.



