رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی شەمامک لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاگر لە پاڵاوگەیەکی نەوت کەوتووەتەوە.
هاونیشتمانییان چەندین ڤیدیۆیان بۆ رووداو ناردووە، تێیدا دەردەکەوێت دووکەڵێکی زۆر بەرزدەبێتەوە و ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە.
رەنجە جەمال پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە دەڵێت: بەشێکی پاڵاوگەکە بەتەواوی سووتاوە بەڵام زیانی گیانی نەبووە".
تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دیار نییە، چەندین تیمی بەرگریی شارستانی هەولێر لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بوون و دوای ماوەیەک ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، پاڵاوگەکە نایاساییە و جاری سێیەمە ئاگر دەگرێت. ساڵی رابردوو لە مانگی شەشدا پاڵاوگەکە ئاگری گرت و سێ کارمەندی بەرگریی شارستانی گیانیان لەدەستدا.


