رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستی هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان، بۆ کاری پێویست نەبوو لە کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 05:00ـی ئێوارە نەچنە دەرەوە. پسپۆڕێکی پزیشکی خێزانی دەڵێت، منداڵان و بەساڵاچووان و ژنانی دووگیان دەبێت زیاتر پابەندی رێنماییەکان بن.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، رۆژی هەینی 31ـی تەممووزی 2026، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هۆشداری بۆ خۆپاراستن لە شەپۆلی گەرمای بەتین دەداتە هاونیشتمانییان.
لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی لەبارەی کاتی دەستپێکردنی شەپۆلی گەرماکەوە گوتی، "ئەو گەرما بەتینەی باسدەکرێت ئێستا گەیشتووە. پێشبینی دەکەین لە چەند رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما دابەزێت، بەڵام دواتر بەرزبێتەوە. پێشبینییەکە بەو جۆرەیە ئەمساڵ بەگشتی گەرما درەنگ تەواوبێت."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی کەشی ئەمڕۆ و سبەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما بگاتە 49 پلەی سیلیزی.
لوقمان موفتی هۆکاری گەرماکەی بۆ هەڵکردنی بای رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵات گەڕاندەوە و گوتی، "پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بای رۆژئاوا و باکووری رۆژئاوا هەڵبکات و بەمەش یەک یان دوو پلە، پلەی گەرما دابەزێت."
سەبارەت بە کاتی تەواوبوونی گەرما، لوقمان موفتی روونیکردەوە، دوای دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ کە لە 7 یان 8ـی مانگی ئابدا دەبێت، رەنگە پلەی گەرما لە شەودا دابەزێت.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هۆشداری دراوەتە هاونیشتمانییان کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، بەدیاریکراویش لە کاژێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 05:00ـی ئێوارە، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.
لەمبارەیەوە دکتۆر نەوشاد نەوزاد، پسپۆڕی پزیشکی خێزانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە نێوان ئەو کاژێرە دیاریکراوەدا تیشکی خۆر بەستوونی بەر پێست دەکەوێت و بۆ منداڵان، بەساڵاچووان و ژنانی دووگیان مەترسییەکەی زیاترە."
وەزارەتی تەندروستی رێنمایی دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوەی گازی و ساردەمەنییەکان لە وەرزی گەرمادا دەداتە هاونیشتمانییان و لەمبارەوە دکتۆر نەوشاد نەوزاد دەڵێت، ئەو خواردنەوە ساردانەی کە پلەی گەرمای لەش دادەبەزێنن وەک ئاوی لیمۆ و ئاوی نەعنا، بژاردەیەکی باشن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هاونیشتمانییان لەکاتی دەرچوون چەتر، چاویلکە و جلوبەرگی رەنگاوڕەنگ بەکاربهێنن و دەشڵێت، "ئەو کەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، باشترە لە ماڵ نەچنە دەرەوە."
دکتۆر نەوشاد نەوزاد لەبارەی رێگەکانی پارێزگاری لە پێستەوە دەڵێت، "بەکارهێنانی دژەخۆر کارێکی گرنگە و تیشکی خۆر بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی پێستیان هەیە ژەهرێکی کوشندەیە."



