رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی باداوە هاونیشتمانییەکی کوشت دەستگیرکرا. پۆلیس دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی "کێشەیەکی خوێنداری"یەوە بووە.
رۆژی هەینی 31ـی تەممووزی 2026، پۆلیسی هەولێر لە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لە رووداوەکە، هێزەکانمان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە تۆمەتباری سەرەکی بەرەو شاری دهۆک هەڵاتووە".
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای دهۆک، توانراوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا تۆمەتبارەکە دەستگیربکرێت. پۆلیس روونیکردووەتەوە کە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە هۆکاری رووداوەکە کێشەیەکی خوێنداری بووە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەش کراوەتەوە و رێکارە یاساییەکان بەردەوامن.
نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی، هاونیشتمانییەک بەناوی رێگر رەشید کە بە "رێکۆ خەیلانی" ناسراوە، لە گەڕەکی باداوەی شاری هەولێر بە بەرچاوی دوو لە منداڵەکانییەوە بە گوللە کوژرا. رێگر باوکی پێنج منداڵە و پیشەی وەستای دیوار بووە.
هەمزە رێگر، کوڕی کوژراوەکە لەبارەی ساتی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە نزیک باوکم بووم، ئۆتۆمبێلێک هات بە فوول لایت بەرچاوی باوکمی تاریک کرد، دواتر جامەکەی کردەوە و تەقەی لێکرد."
فایەق رەشید، برای کوژراوەکە پێشتر رایگەیاندبوو کە نازانن کێ براکەیانی کوشتووە. فایەق گوتی، "رێگری برام کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبوو، هەردوو کوڕەکەی لەگەڵ بووە و لەسەر شەقام بووە و لەنێو لایڤی تیکتۆکدا بووە، گوتوویەتی منداڵەکان دەبەمەوە و دێمەوە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتەوە ماڵ تەقەی لێکراوە."



