رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هێشتا کات ماوە؛ هاوکات داوا لە وەزیر و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا دەکات بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی بودجەی هەرێمی کوردستان بکەن.
رۆژی سێشەممە، 20ـی تشرینی یەکەمی، فازل میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی پرسیارێکی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی سەبارەت بەوەی دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردندا ئایا کات ماوە بۆ ئەوەی حکومەت پێکبهێندرێ؟ گوتی: "کات ماوە، ئەگەر ئینسان بمێنێت."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا سەبارەت بەوەی کە ئایا پێشبینی دەکات ئەم ساڵ حکومەتی نوێ پێکبێت، فازڵ میرانی گوتی: "ئینشائەڵڵا."
هەر لە لێدوانە رۆژنامەڤانییەکەدا فازل میرانی لەبارەی پرسی بودجە و مافەکانی هەرێمی کوردستان قسەی کرد و رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانتار و وەزیرەکانی کورد لە بەغدا بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن چونکە دۆسیەیەکی یەکجار گرنگە؛ راشیگەیاند: "کورد تاوەکو ئازا نەبێت، هەر مەترسی لەسەر دەمێنێت."
ئەمڕۆ 20ـی تشرینی یەکەمی 2026، دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕی، بەڵام جگە لە دانیشتنێک لە رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2024 کە تایبەت بوو بە سوێندخواردنی پەرلەمانتاران، هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە نەکراوە.
لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمان دەکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستبەکاربوونی پەرلەمان بە رێککەوتنی پێشوەختە لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرێدەدات.



