رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو هاونیشتمانییەک لە قەڵادزێ لەلایەن 3 کەسەوە لەبەر دەرگای ماڵەکەی خۆی تەقەی لێکرا و برینداربوو. گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێ، یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی کاژێر 10:45 خولەکی شەوی رابردوو، بریندارێک بە ناوی (س.ف.ئـا) تەمەن 20 ساڵ گەیێندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ، ناوی سێ کەسی ئاشکراکرد کە تەقەیان لێ کردووە."
بە گوتەی (س.ف.ئا) بۆ پۆلیسی راپەڕین، سێ تۆمەتبارەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵاتییەوە تەقەیان لێکردووە و پێش ئەوەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە تەقەی لێ بکەن، رووخساری هەرسێکیانی بینیوە.
شۆڕش ئیسماعیل دەڵێ، بریندارەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی سلێمانی کرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکانیش کراوەتەوە.
بەگوتەی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین، دوای ئاگادارکردنەوەیان لە رووداوەکە، بە کەمتر لە 2 کاژێر یەکێک لە تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە و گەڕان بۆ دوو تۆمەتبارەکەی دیکەش بەردەوامە.
شۆڕش ئیسماعیل گوتی، دۆخی بریندارەکە جێگیرە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددەی 405/31 لە یاسای سزادانی عێراقی کە سزای هەوڵدانە بۆ کوشتن، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکان دەرچووە و رێکاری پێویست بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە گیراوەتەبەر.

