رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، کاسبکارانی سەنتەری بازاڕی هەولێر لە رۆژانی هەینی 80%یان بیانین و رێنماییەکانی پاک و خاوێنی جێبەجێ ناکەن. شارەوانی دەڵێت، "لەمەودوا رۆژانی هەینی هاووڵاتییانی عەرەب و بەنگلادیشی نابێت لە سەنتەری شاردا کار بکەن".
ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەمموزی 2026، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر راگەیێندراوێکی بە ناونیشانی "رێنمایی نوێ بۆ کاسبکارانی سەنتەری شار جێبەجێ دەکرێت، کە 80%یان بیانین" بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەپێناو فەراهەمکردنی ژینگەیەکی شایستە و شارستانیی بۆ بازاڕکردنی هاووڵاتییان، هەروەها رێگری لە جەنجاڵی و رێکخستنەوەی سیمای شار، بەڕێوەبەری شارەوانیی یەک دەستیانکرد بە پێدانی ئاگاداری و جێبەجێکردنی رێنمایی نوێ لە رۆژانی هەینی بۆ فرۆشیاران و کاسبکاران و دەستگێڕانی سەنتەری شار، بەتایبەت بۆ ئەوانەی لەسەر شەقامی گشتی کار دەکەن، لەگەڵ بازاڕەکانی شێخ مستەفا و شێخەڵڵا".
شارەوانیی هەولێر ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوانەی لەو بازاڕانە لە رۆژانی هەینی کاردەکەن 80%یان خەڵکی بیانین و بەبێ گوێدانە جوانییەکان و رێکی سیمای شار و پاراستنی پاک و خاوێنی، تەواوی شەقامە گشتییەکانیان داگیرکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دوای کارەکانیان زبڵ و پاشماوەیەکی ئێجگار زۆر لە سەنتەری شار جێدەهێڵن و ئەوەش ئەرکی تیمەکانی خاوێنکردنەوەی قورستر کردووە".
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر گرتنەبەری رێکارەکانی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە هاونیشتمانییان سکاڵایان کردووە و گوتوویانە، ئاستەنگی هاتووچۆ و دانانی کەلوپەل لەسەر شەقام ئاستەنگی بۆ پیادەڕۆیی دروستکردووە، بەتایبەت لە رۆژانی هەینی.
شارەوانیی هەولێر سێ خاڵی وەکو رێنمایی بڵاوکردووەتەوە و داوای کردووە جێبەجێ بکرێن:
- بەهیچ جۆرێک نابێت شەقامی سەرەکی بگیرێت تەنیا لەسەر شۆستە دەبێت کاسبی بکەن.
- هاووڵاتی بیانی (بەنگلادیشی، عەرەب و هی دیکە) بۆیان نییە رۆژانی هەینی لە سەنتەر شار کاسبی بکەن؛ رۆژانی دیکە دەتوانن.
- دەبێت کاسبکاران بەردەم خۆیان بە تەواوی پاکبکەنەوە.

