رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر هاونیشتمانییەک بە بەرچاوی دوو لە منداڵەکانی بە گوـلە کوژرا. برایەکی دەڵێت، کێشەیان لەگەڵ کەس نییە و چاوەڕوانی لایەنە ئەمنییەکانن هۆکاری کوشتنەکە ئاشکرا بکات.
نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی هەینی 31ـی تەمموز، هاونیشتیمانییەک بە ناوی رێگر رەشید، کە ناسراو بە "رێکۆ خەیلانی" لە گەڕەکی باداوەی هەولێر لەلایەن کەسێکەوە بە گوـلە کوژرا.
هەمزە رێگر، کوڕی کوژراوەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە نزیک باوکم بووم، ئۆتۆمبێلێک هات بە فوول لایت بەرچاوی باوکمی تاریک کرد، دواتر جامەکەی کردەوە و تەقەی لێکرد".
رێگر رەشید باوکی پێنج منداڵ بوو. فایەق رەشید برایەتی و دەڵێت: "بۆ کوژراوە و کێ کوشتوویەتی؟ نازانین. پۆلیس هاتووە و کامێراکانی بردووە و لێکۆڵینەوە دەکەن و دوای لێکۆڵینەوەکان هۆکارەکەی دەزانین".
بە گوتەی برای کوژراوەکە، "رێگری برام کێشەی لەگەڵ کەس نەبوو، هەردوو کوڕەکەی لەگەڵ بووە و لەسەر شەقام بووە و لەناو لایڤی تیکتۆکدا بووە، گوتوویەتی منداڵەکان دەبەمەوە و دێمەوە، بەڵام پێش ئەوەی بگاتەوە ماڵ تەقەی لێکراوە".
رێگر رەشید وەستای دیوار بووە. پۆلیسی هەولێر پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییەکی لەبارەی تۆمەتبارەکە بڵاونەکردووەتەوە.

