رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەرگەی دامەزراندن بە گرێبەست بۆ هەموو ئەو دەرچووانە دەکرێتەوە کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون و لە جێگەی ئەوانە دادەنرێن پێشتر ناویان بۆ گرێبەستبوون گەڕاوەتەوە و دەستبەکار نەبوون، ئەویش لە رێگەی پلاتفۆرمێکەوە "دوور لە دەستوەردان".
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ هەینی 31ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لەسەر داوای وەزارەتمان، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕیوە بۆ لە جێدانانی ئەو کەسانەی گرێبەستیان نەکردووە، ئەویش بەشێوەیەکی یەکسان و شەفاف و دادپەروەر".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی دادەمەزرێندرێن، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "نزیکەی هەزار کەسن. دەخرێنە شوێنی ئەوانەی وانەبێژ بوون و ناویان بۆ گرێبەست گەڕایەوە و دەستبەکار نەبوون. یان ئەوانەی کە گرێبەستن لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامەزراوەکان لەسەر داهاتی زانکۆکان و وەزارەتن، بەڵام دەستبەکار نەبوونە؛ یان ئەو کەسانەی کە بەهۆی کرێی کاری رۆژانەوە لەسەر زانکۆکان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و دامەزراوەکان ناویان گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی کار بکەن، بەڵام دەستبەکار نەبوونە".
کێ دەتوانێت فۆڕم پڕ بکاتەوە؟
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، هەموو ئەوانەی دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن و بڕوانامەی دبلۆم و بکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرایان هەیە دەتوانن داوای دامەزراندن بە گرێبەست پێشکێش بکەن.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتی: "بەگوێرەی پسپۆڕییەکان هەموو کەس دەرفەتی دامەزراندنی هەیە، ئەوانەی نازناوی زانستی و ماستەر یان دکتۆریان هەیە، ئەوانەی بکالۆریۆس یان دبلۆمیان بەدەستهێناوە یان ئەوانەشی بێ بڕوانامەن هەرکەسە و بەگوێرەی خاڵەکانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ و دەرفەتی دامەزراندنی دەبێت، هەروەها یەکێکی دیکە لە پێوەرەکانی دامەزراندن ساڵی دەرچوونی ئەو کەسە دەبێت، کە داواکاری پێشكێش دەکات".
عەباس ئەکرەم گوتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا پلاتفۆڕمێک رادەگەیێنێن لەو رێگەیەوە بەشێوەیەکی ئۆنڵاین دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان دەتوانن داوای دامەزران پڕبکەنەوە و ئەوکاتە پێویستییەکانی پێشکێشکردن بۆ دامەزراندن روون دەکرێتەوە.
دوێنێ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەسەرپەرشتی د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی و بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەکانی زانکۆکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی تایبەتمەند لە دیوانی وەزارەت ئامادەی بوون، وردەکاری و شێوازی پێشکێشکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی تایبەت بۆ لەجیاتی دانانی گرێبەستەکان بۆ ئەو کەسانەی کە پێشوتر ناویان گەڕاوەتەوە، بەڵام بە هۆکاری جیا جیا دەستبەکارنەبوون روونکرایەوە".
وەزیری خوێندنی باڵا لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند: "پاڵپشت بە بڕگەی شەشەم لە رێنمایی ژمارە (10)ی ساڵی (2019)ی وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەپێی پسپۆڕی یان بڕوانامە، کە ئەمەش پرۆسەیەکی تەواو شەفاف و دادپەروەر و یەکسانە و سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو بە بێ جیاوازی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەتوانن بە ئەلیکترۆنی داواکاری بۆ دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست لە زانکۆکان پێشکێش بکەن".
هەروەها د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی رایگەیاند: "سیستمەکە رەچاوی خاڵبەندی دەکات بۆ پێشکێشکاران و هەموو ئەوانەی داواکاری بۆ لە جیاتی دانان پێشکێش دەکەن پێویستە مەرج و رێنماییەکانیان تێدابێت و سیستمەکەش ئاسانکاری تەواوی بۆ پێشکێشکاران کردووە".

