رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ئاکرێ راگەیاند، بەهۆی بارینی بەفر و بارانی زۆر لە زستانی رابردوودا، کوالێتی هەنجیری ئەمساڵ "پلە یەک" دەبێت. هاوکات لە عەلوەکانی هەولێر و سلێمانی نرخی کیلۆیەک هەنجیری لە نێوان سێ بۆ پێنج هەزار دینارە.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی بارینی باران و بەفری زۆر، هەنجیری ئەمساڵمان پلە یەک دەبێت و کوالێتییەکەی زۆر باش دەبێت؛ چونکە بەشێک لە ڤایرۆس و نەخۆشییەکان بەهۆی بەفرەوە لەناودەچن."
لەبارەی بەرهەمی ئەمساڵ، فازڵ مستەفا گوتی، "پێشبینی دەکەین بەرهەممان زۆر بێت، چونکە باران زۆر باریوە و هیچ ڤایرۆسێک و نەخۆشییەکیش تاوەکو ئێستا لە داری هەنجیرەکان نەبووە، لە سنووری ئاکرێ 250 هەزار دارمان هەیە، کە هەریەکێکیان نزیکەی 35 کیلۆ هەنجیر دەگرێت و ساڵانە بەرهەممان دەگاتە نۆ هەزار تۆن."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ئاکرێ دەڵێت، ساڵانە هەنجیر رەوانەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکەن، بەڵام هەنجیر بەرهەمێکی ناسکە و ناتوانرێت چەند رۆژێک بهێڵدرێتەوە، بۆیە پێویستیان بە ئامێری گواستنەوەی باش و ساردکەرەوە هەیە.
هەنجیری ئاکرێ تاوەکو ئێستا پێنەگەیشتووە، بەڵام هەنجیری ناوچەکانی دیکەی کوردستان، لەوانەش تەقتەق پێگەیشتووە.
دانا عەزیز لە ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "هەفتەیەکە هەنجیری تەقتەق گەیشتووەتە عەلوە، بەڵام چونکە بڕەکەی کەمە، نرخەکەی گرانە و کیلۆی بە چوار بۆ پێنج هەزار دینارە، لە بازاڕەکانیشدا بە گرانتر دەفرۆشرێت."
بە گوتەی دانا عەزیز، "لە ماوەی داهاتوودا هەنجیری قەڵادزێ و هەڵشۆ پێدەگات و نرخەکەی دادەبەزێت."
هەروەها سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "هەنجیری تەقتەق گەیشتووەتە بازاڕ، سەرەتا کیلۆی بە هەشت هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ 3 هەزار دینار."
سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی گوتی، رۆژانە نزیکەی دوو تۆن هەنجیر دەگاتە عەلوە و گوتیشی، "چاوەڕێی پێگەیشتنی هەنجیری ناوچەکانی هەورامان، خۆشناوەتی، قەڵادزێ و رانیە دەکەین، هەروەها لە باشووری عێراقیشەوە بۆمان دێت."



