رووداو - دیجیتاڵ
نزیکەی دوو هەزار مامۆستای ئایینیی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان داوا دەکەن لە بودجەی ساڵی نوێدا بکرێنە گرێبەست یان هەمیشەیی؛ وەزارەتی ئەوقافیش رایدەگەیێنێت کە ئاگاداری کێشەکەیانن و هەوڵدەدەن لە چوارچێوەی بودجەدا مافەکانیان بۆ دابین بکەن.
چەندین مامۆستای ئایینی ساڵانێکی زۆرە (هەندێکیان 10 تاوەکو 15 ساڵە) بەشێوەی خۆبەخش لە مزگەوتەکاندا خزمەت دەکەن.
مامۆستا یوسف، کە مامۆستایەکی ئایینیی خۆبەخشە، بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2023وە تەنیا بۆ 1500 مامۆستا دەرماڵەی مانگانەی 250 هەزار دینار تەرخانکراوە، کە ئەویش لە کاتی خۆیدا دابەش ناکرێت و بەشی ژیان ناکات، زۆربەی مامۆستایان ناچاربوون پەنا بۆ کرێکاری ببەن."
ئەو مامۆستایانە داوا دەکەن، هاوشێوەی مامۆستایانی وانەبێژ، بکرێنە گرێبەست یان هەمیشەیی و ئەو 300 بۆ 400 مامۆستایەی دیکە کە هیچ بڕە پارەیەک وەرناگرن، بخرێنە ناو لیستی دەرماڵەکان.
فارس جەوهەر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداو رایگەیاند: "ئێمە ئاگاداری کێشەی مامۆستایانی ئایینیی خۆبەخشین و ئاماری دروستیان لای ئێمە هەیە؛ 1500 مامۆستا دەرماڵەی 250 هەزار دینار وەردەگرن و نزیکەی 300 مامۆستای دیکەشیان تاوەکو ئێستا هیچیان وەرنەگرتووە."
سەبارەت بە دامەزراندنیان، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ئەوقاف جەختی کردەوە کە وەزارەتەکەیان هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بودجەدا جێگەیان بکاتەوە، چونکە ئێستا پڕۆسەی دامەزراندن و گرێبەست لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە راگیراوە و بەستراوەتەوە بە پەسندکردنی بودجەی گشتییەوە.


.jpg&w=3840&q=75)
