رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئاماری مادە هۆشبەرەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار، لە هیچ پارێزگایەک سەنتەری چارەسەری ئالوودەبووان نییە جگە لەو سەنتەرەی لە چاکسازییەکان دامانمەزراندووە، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1000 زیندانی تێیدا بە تەواوی چاکبوونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەنتەری شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەریان لە چاکسازییەکاندا هەیە، کە تاوەکو ئێستا 1133 زیندانی چوونەتە ئەو سەنتەرانە و 1093 کەسیان بە تەواوی چاکبوونەتەوە.
بەڕێوەبەری چاکسازییەکان گوتی: "لە ساڵی 2024ـەوە لەو سەنتەرانەدا پزیشکی دەروونی و راوێژکاری دەروونی تێدایە و زیندانیان رۆژانە چارەسەر وەردەگرن."
ئەم هەوڵانەی چاکسازییەکان لە کاتێکدایە کە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ بەپێی ئامارەکان لە کۆی 6400 زیندانی لە چاکسازییەکان، 2000 کەسیان لەسەر مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
ئیحسان عەبدولڕەحمان گوتی، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستییان لە ئامارەکان ئاگادار کردووەتەوە و رایگەیاند: "پێویستە لە هەموو پارێزگاکان سەنتەرێکی تایبەت بە چارەسەری ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان بکرێتەوە."
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو مادانە لەسەر زیادبوونی تاوان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکان هۆشداری دا و گوتی: "25٪ بۆ 30٪ـی کوشتن، ناپاکی هاوژینی و دزی، هۆکارەکەی بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکانە".
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک لە سێ ساڵی رابردوو ئامارەکان بەم شێوەیە بوون:
- ساڵی 2023: 2482 کەس دەستگیرکراون (1412 بەکارهێنەر و 1070 بازرگان)
- ساڵی 2024 لە هەولێر و دهۆک: 1568 کەس دەستگیرکراون (727 بەکارهێنەر و 831 بازرگان)
- ساڵی 2025 لە هەولێر و دهۆک: 1708 کەس دەستگیرکراون (1034 بەکارهێنەر و 674 بازرگان)
- شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ: 744 کەس دەستگیرکراون، کە 482 یان بازرگانن.



.jpg&w=3840&q=75)
