رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان تیروپشکی دابەشکردنی 1700 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خاوەن مافەکان لە سنووری گوێڕ و سفەییە کرد. وەزیری شارەوانی دەڵێ، تاوەکو ئێستا لە سنووری هەولێر زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون و وردبینی بۆ 50 هەزار فۆرمی دیکەش لە قۆناخی کۆتاییدایە.
رۆژی دووشەممە 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە راگەییندراوێکدا بڵاویکردەوە، پرۆسەی تیروپشکەکە لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی کارگێری ناوچەکە بەڕێوەچوو.
سەبارەت بە وردەکاریی زەوییەکانی ئەم قۆناخە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت: "لەم قۆناخەی دابەشکردنی زەویدا زیاتر لە 1700 پارچە زەوی لە سنووری گوێڕ و سفەییە بەسەر فەرمانبەران و خاوەن مافەکان دابەش دەکرێ. لەو ژمارەیەش 1240 پارچە زەوییان بۆ فەرمانبەران و ئەوانی دیکەش بۆ جووتیاران و خاوەن مافەکان تەرخانکراون."
لەبارەی بڕیاری پێدانی زەوی و قۆناخەکانی جێبەجێکردنی، وەزیری شارەوانی گوتی: "بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2024 وەک پاداشتێک بوو بۆ فەرمانبەران. پرۆسەکەش زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کاری جیدی دەکەن. رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشتر دەچێت و لە زۆربەی شوێنەکان 50%ـی تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوەش خەریکە تەواو دەبێت".
لەبارەی کۆی گشتیی ئەو زەوییانەی تاوەکو ئێستا لە سنووری هەولێر دراونەتە فەرمانبەران، ساسان عەونی ئاماژەی بەوە کرد: "لە پارەوە زیاتر لە 40 هەزار پارچە زەوی لە سنووری 15 شارەوانیدا لە سنووری ئەم بەڕێوەبەرایەتییەدا بەسەر فەرمانبەران و خاوەن مافەکاندا دابەشکراون. لەم ژمارەیەش نزیکەی 32 هەزاریان بۆ فەرمانبەران و ئەوانی دیکە بۆ جووتیاران و خاوەن مافەکان بووە."
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ئەو هاونیشتمانییانەی لە چاوەڕوانیدان، روونیکردەوە: "ئێستا 50 هەزار ناو (فۆڕم)ـی دیکە لەو 37 شارەوانییەدا لەژێر وردبینیکردندان و کاریان لەسەر دەکرێ و خەریکە بابەتەکە دەگاتە قۆناخەکانی کۆتایی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی نەخشەی زەوییەکانەوە، گوتی: "ئەو نەخشە و دیزاینانەی بۆ زەوییەکان دانراوە، بەپێی نوێترین رێنمایییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی دیکەن، کە لە داهاتوودا سوودی زۆریان دەبێت؛" هەروەها بەردەوامی و رێکوپێکیی پرۆسەکەی لە هەموو ناوچەکان دووپاتکردەوە.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەر یان پێشمەرگە و خانەنشینێک تەرخان دەکرێ 200 مەتر دووجایە.
بە گوێرەی رێنماییەکان، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.



