رووداو دیجیتاڵ
لەسەر رێگەی گوندی جەدیدەزاب لە سنووری قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر دوو گەنجی ماتۆڕسوار لەگەڵ بارهەڵگرێک تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبن و گیانلەدەستدەدەن.
شەوی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، هۆرڤان رەفعەت، پەیامنێری رووداو لە هەولێر لە بەردەم دادپزیشکییەوە گوتی: دوو گەنجەکە ماتۆڕسکیلیان پێبووە، ویستوویانە لە گوندەکەی خۆیانەوە بچنە گوندێکی دیکە و ئۆتۆمبێلێک لێی داون و بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی هۆرڤان رەفعەت، یەکێکیان ناوی ئەحمەد کەریمە، تەمەنی 20 بۆ 21 ساڵە. ئەوی دیکەش ناوی سلێمان جەعفەرە و تەمەنی 18 ساڵە.
بەپێی ئەو شایەتحاڵانەی قسەیان بۆ پەیامنێری رووداو کردووە: "ماتۆڕەکەیان لایتەکانی بەباشی کاری نەکردووە، ئۆتۆمبێلەکە نەیبینیون و لێیداون."
هۆرڤان رەفعەت دەڵێت، تەرمەکانیان دەگەڕێندرێنەوە گوندەکەیان و بەخاکدەسپێردرێن.


