رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران رایگەیاند، دوای 6 رۆژ تەرمی ئەو گەنجەیان دۆزییەوە کە 24ـی تەممووزی 2026 کەوتبووە نێو رووباری ئاڤاشینەوە لە ناحیەی شیلادزێ.
گەنجەکە ناوی محەممەد ئەمین، تەمەن 25 ساڵە و خەڵکی گوندی دێراگژنی سەر بە پارێزگای دهۆکە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، تەرمی محەممەد ئەمین لە گوندی پرێسە لە قەزای مێرگەسۆر، بە هاوکاریی تیمەکانی بنکەی پاراستنی رووباری سۆران و مێرگەسۆر و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی دهۆک، دۆزراوەتەوە.
تەرمی محەممەد دوای دەرهێنانەوەی لە ئاو، رەوانەی دادپزیشکیی سۆران کراوە، دوای تەواوکردنی رێکارەکان رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا زیاتر لە 40 کەس لە چەم، رووبار و بەنداوەکانی کوردستان خنکاون.


