رووداو دیجیتاڵ
سبەی پێنجشەممە، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک دەستپێدەکات و فەرمانبەرانی شایستەی ناحیەی دارەتوو زەوییان پێدەدرێت. قایمقامی بەردەڕەش دەڵێت، دوای ئەوان راستەوخۆ نۆرەی فەرمانبەرانی ناحیەی رۆڤیایە.
بڕوا فاروق، قایمقامی قەزای بەردەڕەش، رۆژی چوارشەممە، 29ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەزار و 183 فەرمانبەر فەرمانی پێدانی زەوییان بۆ دەرچووە. ئێستا 863 پارچە زەوی ئامادەن کە 63 پارچەیان وەک قەرەبوو دەدرێتە جووتیاران و 639 پارچەیشیان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن."
لەبارەی 544 فەرمانبەرەکەی دیکەوە بڕوا فاروق گوتی، "تاوەکو مانگی داهاتوو زەوییەکانی ئەوانیش ئامادە دەکرێت و ئەوانیش زەوییەکانیان وەردەگرن."
بەگوتەی قایمقامی بەردەڕەش، دابەشکردن لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە جۆرێک دەبێت کە تاوەکو مانگی داهاتوو زەویی فەرمانبەرانی ناحیەی کەڵەک، رۆڤیا و سەنتەری قەزاکەش ئامادە دەکرێن.
لەبارەی زەویی فەرمانبەرانی ناحیەی رۆڤیاوە بڕوا فاروق گوتی، "فەرمانی پێدانی زەوی بۆ 2400 فەرمانبەر دەرچووە و ئێستا 800 پارچە زەوی ئامادەیە."
بڕوا فاروق ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەمی پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکانی ناحیەی دارەتوو، دەست بە دابەشکردنی زەویی فەرمانبەرانی ناحیەی رۆڤیا دەکەن.


