رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری کۆتای ئێزدییەکان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی شنگال 1500 کەس بۆ پۆلیسی قەزاکە دامەزراون و رێکارە کارگێڕییەکانی دروستکردنی زانکۆی شنگالیش کۆتاییان هاتووە.
خالید سەیدۆ، نوێنەری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، تاوەکو ئێستا 1500 کەس بۆ پۆلیسی قەزای شنگال دامەزراون، 1000 کەسی دیکەش ماون، کە هێشتا دانەمەزراون و لەگەڵ هەبوونی بوودجەی پێویست ئەوانیش دادەمەزرێن."
سەبارەت بە شوێنی دەوامی ئەو پۆلیسانە، خالید سەیدۆ گوتی، "لەو ژمارەیەی دامەزراون، 1000 پۆلیسیان لەنێو شنگال دەوام دەکەن و 500 پۆلیسی دیکەیان لە موسڵن. ئێستا هەوڵ دەدەین ئەو 500 پۆلیسەش بگەڕێنینەوە بۆ نێو شنگال."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە سێ پڕۆژەی گرنگی تەندروستی لە سنوورەکە کرد و گوتی: 1- نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی شنگال؛ نزیکەی 20٪ـی کارەکانی تەواو بووە. 2- نەخۆشخانەی 50 قەرەوێڵەیی سنوونێ؛ پێویستی بەوەیە رووبەری زەوییەکەی فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی کارەکانی بەردەوام بن. 3- نەخۆشخانەی فەرەنسی (25 قەرەوێڵەیی)؛ ئەم نەخۆشخانەیە لەسەر ئەرکی نادیە موراد دروست کراوە، زۆربەی کارەکانی تەواو بووە و تەنیا هەندێک پێداویستیی کەمی ماوە بۆ ئەوەی بکرێتەوە.
خالید سەیدۆ لەبارەی دروستکردنی زانکۆی شنگالی رایگەیاند: "تەواوی رێکارە کارگێڕییەکان بۆ دروستکردنی زانکۆی شنگال کۆتاییان هاتووە و زەویی پێویستیشی بۆ تەرخان کراوە."
سەبارەت بە تێچووی پڕۆژەکەش گوتی، "بڕیارە بەشێکی زانکۆکە لەلایەن دەوڵەتی ئیماراتەوە دروست بکرێت. بۆ بەشەکەی دیکەشی هەوڵدەدەین لە رێگەی حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای نەینەواوە بوودجەی بۆ دابین بکرێت و تەواو بکرێت."
تاوەکو ئێستا پرسی دانانی قایمقامی قەزاکە بە هەڵپەسێردراوەی ماوەتەوە، خالید سەیدۆ ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا گرفتی بەڕێوەبردن و ئیدارەی شنگال ماوە، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی کێشەی ئیدارەی قەزای چارەسەر بکرێت، گرفتی ئیدارەی قەزاکە نەمێنێت.
قەزای شنگال لە دوای هێرشی داعش لە ساڵی 2014 دا، زیانێکی زۆری بەرکەوت، بە جۆرێک 85%ـی سەنتەری شارەکە و 75%ـی دەوروبەری وێران بوون.
دوای 10 ساڵ هێشتا قەزاکە وەک خۆی ماوەتەوە و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری، نزیکەی 50%ـی خەڵکەکەی تاوەکو ئێستا ئاوارەن و لە قۆناخێکی سەختی ژیان دان.

.jpg&w=3840&q=75)

