رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە بەرزاییەکانی بالیسان، سەرچاوەیەک بە رووداوی راگەیاند، "زیانی گیانی نەبووە."
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026، میدیای فەرمی حدکا بڵاویکردەوە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆنێک بەرزاییەکانی بالیسانی لە باشووری کوردستان کردە ئامانج."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو حیزبەوە بە رووداوی گوت، هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە و تەنیا پووش و پاوان سووتاوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە دوو رۆژی رابردوودا هێرشێکی دیکەی درۆنی کراوەتە سەر کەمپی جەژنیکانی ئەو حیزبە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی ئاماری حدکا، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شووباتەوە تاوەکو پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشممە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە 143 مووشەک و درۆن، شوێنی نێشتەجێبوونی بنەماڵەکان، بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکان و بارەگاکانی ئەو حیزبەی کردووەتە ئامانج.
دوایین هێرشی ئێران بۆ سەر ئەم حیزبە رۆژهەڵاتییە لە کاتێک دایە، رۆژی دووشەممە 27ـی تەممووزی 2026، ئێران بە درۆنێک هێرشی کردە سەر بناری هەیبەت سووڵتان لە شاری کۆیە، کە بە گوتەی بەڕێوەبەری دارستان و ژینگەی کۆیە، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگر لە چیای هەیبەت سووڵتان کەوتەوە و نزیکەی 80 دۆنم پاوان و زیاتر لە 200 دار سووتاون.
.jpg&w=3840&q=75)


