رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، زیاتر لە 95 هەزار پاس و تەکسی لە شارەکاندا کاردەکەن. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ، بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە چەند هێڵێکی پاس لە هەولێر نرخی گواستنەوەی سەرنشینیان 250 دینار بەرز کردووەتەوە.
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 29ی تەممووز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "95 هەزار و 128 پاس و تەکسی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان رۆژانە سەرنشین دەگوازنەوە."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتەکە بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان 23 هەزار و 984 پاس هەن؛ 10 هەزار و 680 پاس لە هەولێر، 10 هەزار و 673 پاس لە سلێمانی و 2631 پاس لە دهۆک.
دیلان رەشاد گوتی، "لە تەواوی هەرێمی کوردستان 71 هەزار و 144 تەکسی کار دەکەن؛ 31 هەزار و 441 تەکسی لە هەولێر، 24 هەزار و 412 تەکسی لە سلێمانی و 15 هەزار و 291 تەکسی لە دهۆک کار دەکەن."
لەبارەی نرخی گواستنەوەی پاسەکانەوە، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی، "لە هەموو هێڵەکانی هەولێر سێ هێڵ کە رێگەیان دوورترە هەر سەرنشینی 250 دینار کرێیان بەرزکردووەتەوە و کردوویانەتە هەزار دینار، ئەوەش بە پێشنیازی سەندیکای گواستنەوەی هەولێر بووە."
دیلان رەشاد گوتی، هێڵەکان ویستوویانە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی و گرانیی نرخەوە کارکردن راگرن، بەڵام وەزارەت رێگەی نەداوە و پێشنیازەکەی سەندیکای پەسند کردووە بۆ ئەوەی هێڵی گواستنەوەی گشتی لە شارەکە پەکی نەکەوێ.
لەبارەی نرخی گواستنەوەی پاسەکان لە شاری سلێمانی، ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "23 هێڵی پاس لە سنوورەکەمان هەن و رۆژانە کار دەکەن، تاوەکو ئەمڕۆ نرخ گران نەبووە و بۆ نێو 60 مەتری نەفەری بە 500 دینارە و دەرەوەی 60 مەتری بە 750 دینارە."
بە گوتەی سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی، نرخی تەکسی زۆرینە لەنێو شاری سلێمانی سێ بۆ چوار هەزار دینارە و لە هەندێک شوێن دەگاتە پێنج هەزار و بەرزترینیش دەگاتە شەش هەزار دینار؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "کەس سکاڵای نەکردووە کە نرخ گران بووبێت."



