رووداو دیجیتاڵ
بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو دەریدەخات، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەرفەتی کارییان بۆ رەخساوە؛ 80%ی ئەم ژمارەیە هاونیشتمانیی خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، زیاتر لە 3 هەزار پڕۆژەی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هەن؛ 105 پڕۆژەیان لە 7 ساڵی رابردوودا دروستکراون.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 7 ساڵی رابردوودا لە کۆی زیاتر لە 22 ملیار دۆلار کە لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرجکرا، 7.6 ملیار دۆلاری بۆ کەرتی گەشتوگوزار بوو."
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وەرزی هاوینی هەرێمی کوردستانی بە وەزری زێڕینی گەشتیاری ناوبرد و گوتی: "کەرتی گەشتوگوزار بەرەپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک ساڵانی رابردوو تەنیا بۆ جەژنەکان گەشتیار دەهاتنە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا بەردەوام و بەتایبەت لە هاویندا بە سەتان هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە جیاوزەکان و پرۆژە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن."
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، 80%ـی ئەو گەشتیارانەی لە دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، هاووڵاتی عەرەبن و نزیکەی 20%ـی دیکەیشیان گەشتیاری نێودەوڵەتین.
ئیبراهیم عەبدولمەجید لەم بارەیەوە گوتی: "گەشتیاری نێودەوڵەتی لە سەرجەم وڵاتانی جیهانەوە دێنە هەرێمی کوردستان و رێژەیان بەراورد بە 3 ساڵی رابردوو، نزیکەی 5% زیادی کردووە."
بەو پێیەی بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان خاوەن زستانی سارد و بەفراوین، ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "کۆمەڵێک پلان و پڕۆژەمان خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەی ژمارەی پڕۆژەی گەشتیارییەکانی وەزری زستان لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتربکەین، چونکە هەرێمی کوردستان بنەمای زۆر بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی جووڵەی گەشتیاری لە زستاندا نەوەستێ."
پڕۆژە گەشتیارییەکان هەلی کارییان بۆ هاونیشتمانییان رەخساندووە
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 20 هەزار کەس لە سەرجەم پرۆژە جۆراوجۆرەکانی گەشتیاریدا کاردەکەن. ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێ: "ئەم ژمارەیە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە چوار وەرزە و بە بەردەوامی لە پڕۆژەکاندا کاردەکەن و لە هاویندا ژمارەیان زۆر بەرزتر دەبێتەوە، چونکە ژمارەیەک لە پڕۆژەکان وەرزین و تەنیا هاوینان هەلی کار دەڕەخسێنن."
چۆمان یەکێکە لەو ناوچە گەشتیارییە دیارەکانی هەرێمی کوردستان. ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێوە سەردانی دەکەن.
ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەی دانیشتوانی قەزاکەمان نزیکەی 29 هەزار کەسە، بەڵام لە هاویندا دەگاتە نزیکەی 35 هەزار کەس."
قایمقامی چۆمان هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتوانی بۆ پڕۆژە گەشتیارییەکان لە هاویندا گەڕاندەوە و گوتی: "بەشێكی زۆری ئەو هاونیشتمانییانەی لە وەرزەکانی دیکە چۆمان جێدەهێڵن و بۆ کارکردن دەچنە شارە گەورەکان، دەگەڕێنەوە و لە پڕۆژە و سەیرانگە گەشتیارییەکاندا کاردەکەن."
بە گوتەی ئەحمەد بارزان، تاوەکو ئێستا پڕۆژە گەشتیارییەکانی چۆمان زیاتر وەرزی بوون و لە هاویندا قەرەباڵخ دەبن، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا گرنگی بە پرۆژەی گەشتیاریی زستانەش دراوە و لە پلانیان دایە پڕۆژە زستانەکان پەرە پێبدەن.
دەرفەتی کار لە سنووری خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە
فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی نزیکەی 7 ساڵە هیچ پرۆژەیەکی وەبەرهێنان لە ناحیەکەمان جێبەجێ نەکراوە و بە پێی پێویست ئاوڕ لە گەنجانی ناوچەکە نەدراوەتەوە، بەڵام پڕۆژە گەشتیارییەکان بوونەتە هۆکاری مانەوەی گەنجان لە زێدی خۆیان."
فەرەیدوون مەحموود گوتی: "ئاوی باش، هەڵکەوتەی جوگرافیایی، خاکی بەپیت و لەباریی کەشوهەوا دەرفەتی کاری بۆ گەنجان و دانیشتووانی ناوچەکە بەگشتی رەخساندووە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان لەسەر بەخێوکردنی ئاژەڵ، کشتوکاڵ و کەرتی گەشتیاری دابین دەکەن."
فەرەیدوون مەحموود گوتی: "بەو هۆکارانەی سەرەوە کۆچی گەنجان لە سنووری ناوچەکەیان زۆر کەمە و ژمارەی دانیشتوانی خورماڵ بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، نزیکەی 3 هەزار کەس زیادی کردووە. بەمەش گەیشتووەتە زیاتر لە 28 هەزار کەس".
چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری خورماڵ هەن، دیارترینیان زەڵم و ئەحمەدئاوان.
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 3000 شوێن و بنکەی گەشتیاری وەک هۆتێل، موتێل، چێشتخانە، کافتریای گەشتیاری، کۆمەڵگەی گەشتیاری، شوێنی سرووشتیی گەشتیاری هەن، کە رۆژانە دەتوانن نزیکەی 100 هەزار گەشتیار لەخۆبگرن. ژمارەی بەشێک لەم شوێنانە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هۆتێل: 480
مۆتێل: 282
کۆمەڵگای گەشتیاری: 44
گوندی گەشتیاری: 20
چێشتخانە: نزیکەی 1000
کافتریا: نزیکەی 700
شاری یاری: 28



