رووداو دیجیتاڵ
پارێزەرێک بە قۆستنەوەی ئەو رێکارەی کە لە دەروازەکاندا پارێزەران ناپشکنرێن، بە دەمانچەوە چووەتە نێو باڵەخانەی دادگای هەولێر و دوای دەمەقاڵێ لەگەڵ هاوپیشەیەکی و راکێشانی چەک بەڕووی بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دادگادا، هەڵاتووە؛ سەندیکای پارێزەرانیش رووداوەکە بە "تاوانی بینراو" ناودەبات و دەڵێت دەستگیرکردنی پێویستی بە مۆڵەتی ئەوان نییە. پۆلیسی هەولێریش دەڵێت :"بڕیاری دەستگیکردنی بۆ دەرچووە، بە زووترین کات دەستگیر دەکرێت".
رۆژی یەکشەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ پارێزەرێک لە نێو دادگا و لەگەڵ هاوپیشەیەکی خۆیدا دەمەقاڵێی کردووە. دواتر بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی دادگا بۆ پاراستنی ئارامی و سەلامەتیی نێو دادگا دەستوەردانی کردووە، بەڵام پارێزەرەکە دەمانچەی بەڕووی ئەو ئەفسەرەشدا دەرهێناوە و پاشان بە شێوازێک لە شێوازەکان هەڵاتووە و شوێنەکەی بەجێهێشتووە."
سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن و دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارە، ئارام گەردی گوتی: "ئەم کارە وەک تاوانی بینراو هەژمار دەکرێت. یاسا لە تاوانی بینراودا وەرگرتنی رەزامەندیی سەندیکای پارێزەرانی بە مەرج نەگرتووە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی، تەنانەت بۆ پەرلەمانتار و دادوەرانیش لە تاوانی بینراودا بە هەمان شێوەیە."
گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر باسی لەوەکرد، کە سەندیکا نەک تەنیا لاریی لە رێکارە یاساییەکان نییە، بەڵکو هاوکار و هەماهەنگیش دەبێت و گوتی: "لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەندیکای پارێزەرانی کوردستاندا، رێکاری پیشەییش بەرامبەر ئەو پارێزەرە دەگرینەبەر، لەبەر ئەوەی کارێکی تەواو نایاسایی و دوور لە ئیتیکی پارێزەرایەتی کردووە."
ئارام گەردی داوا دەکات ئەم کردەوەیە نەکرێتە هۆی بێڕێزیکردن بەرامبەر سەرجەم پارێزەران و دەڵێت: "داواکارین ئەم بابەتە لەلایەن دادگاکان، دەسەڵاتی دادوەری و فەرمانگەکانەوە نەقۆزرێتەوە بۆ بێڕێزیکردن بە پارێزەران و پشکنینیان. ئەوە رەفتارێکی تاکەکەسییە و لە هەموو کۆمەڵگە و توێژێکدا کەسی وا هەیە؛ بۆیە نابێت هەڵەی کەسێک بەسەر تەواوی پارێزەراندا گشتگیر بکرێت."
لە بارەی دەستگیرکردنی پارێزەرە هەڵاتووەکە، کیفاح حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە رووداوی گوت: "هەر لە کاتی رووداوەکەوە، ئەو پارێزەرە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، گەڕان بەدوایدا بەردەوامە و بە زووترین کات دەستگیر دەکرێت".
هاوکات لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا، سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لەبارەی رووداوەکەوە بڵاویکردەوە: "پارێزەر (ی.ز.م) ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، دوور لە ئیتیک و پابەندیی پارێزەرایەتی، بە شێوەیەکی نایاسایی و بە سوودوەرگرتن لە مامەڵەکردنی شایستانەی دەسەڵاتی دادوەری کە پارێزەران بەشێکن لە خێزانی دادوەری و ناپشکنرێن، ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و دەمانچەی بردووەتە ناو دادگا؛ پاشان لەگەڵ پارێزەرێکی هاوپیشەی خۆی و ئەفسەری بنکەی پۆلیسی دادگا رەفتاری ناشایستەی نواندووە و دەمانچەی دەرهێناوە."
سەندیکای پارێزەران ئاماژەی بەوە کردووە: "بە تەواوی نیگەرانین لەو رەفتارە، کە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە نوێنەرایەتیی پارێزەران ناکات کە رۆژانە وەک کۆڵەکەی سەرەکیی جێبەجێکردنی یاسا کارەکانیان بە جوانترین شێوە دەیکەن. کەس لە سەرووی یاساوە نییە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هۆشداری دراوە کە بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان: "بۆ هیچ کەسێک نییە بە چەکەوە بچێتە ناو هیچ دادگایەک و فەرمانگەیەکی دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن، تەنانەت ئەگەر مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیشی هەبێت."




