رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییان لە ئیدارەی گەرمیان گلەیی لە دروستبوونی قەرەباڵخی و گوشاری زۆر لە ناوەندی تۆماری بایۆمەتریی گەرمیان دەکەن، کە دەکەوێتە نێو بانکی گەرمیان لە کەلار. ئاماژە بەوە دەکەن کە بوونی تەنیا یەک ناوەند لە تەواوی ناوچەکەدا، هاووڵاتییانی تووشی زەحمەتییەکی زۆر کردووە.
بەپێی گوتەی هاونیشتمانییان، خۆ تۆمارکردنی هاونیشتمانییان بۆ فەریزەی حەج کە بەشێکی زۆریان کەسانی بەساڵاچوون لەگەڵ بڕیاری نوێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پابەندکردنی باجدەران بە ئەنجامدانی بایۆمەتری و وەرگرتنی (ژمارەی کەسی بێهاوتا (UPN)، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ناوەندەکە. ئەمە جگە لەوەی ناوەندەکە کاری رۆژانەی وەک وەرگرتنەوەی کارتەکانی "هەژماری من" و مامەڵەی هاووڵاتییانی سنووری کەلار، کفری، رزگاری و ناوچەکانی مادەی 140 بەڕێوەدەبات.
جەبار کەریم، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی کەلارە و سەردانی ناوەندەکەی کردووە بە رادیۆی رووداوی گوت، "لۆدی سەر ناوەندەکە زۆرە، خەڵکێکی زۆر دێن بۆ تۆماری بایۆمەتری، لە خورماتوو و خانەقینەوە تاوەکو مەیدان و هەموو سنووری گەرمیان، ئەم هەموو سنوورە فراوانە یەک ناوەند بەشی ناکات، لەکاتێکدا لە شارە گەورەکان پێنج بۆ شەش ناوەند هەن، ناکرێت ئەم ناوچە فراوانە یەک ناوەندی هەبێت، ئێستا دەڵێن باجدەرانیش دەبێت بایۆمەتری بکەن، ئەمە کارەکە زۆر قورستر دەکات."
ئەو هاونیشتمانییە لە رێگەی رووداوەوە داوا لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری و لیژنەی باڵای تۆماری بایۆمەتری دەکات، لە گەرمیان ناوەندی دیکە بکرێتەوە بۆ ئەوەی کارئاسانی زیاتر بۆ خەڵکی سنوورەکە بکرێت.
وەڵام و روونکردنەوەی تیمی بایۆمەتری
یادگار جەبار، سەرپەرشتیاری تیمی بایۆمەتری لە پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، دروستبوونی ئەم گوشارە کاتییە و بەهۆی هاوکاتبوونی تۆمارکردنی ناو بۆ حەج و بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی باجەکانەوە دروست بووە.
یادگار جەبار ئاماژەی بەوەش کرد، ئاگاداری رەوشەکەن و پلانیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگەکان، بەڵام هەندێک کۆسپ لە پێشیانە و گوتی: "ئێمە لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری (DIT) پلانمان هەیە بنکەیەکی دیکەی بایۆمەتری لەناو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان بکەینەوە، بەڵام ئەمە بەم دەستبەجێیە ناکرێت، چونکە لە رووی تەکنیکی، ئیداری و بودجەوە ئاستەنگ لەبەردەم پڕۆسەکەدا هەیە."
سەرپەرشتیاری تیمی بایۆمەتری پارێزگای سلێمانی جەختیشی کردەوە، ئەوان وەک تیمی جێبەجێکار لەسەرهێڵن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام دەسەڵاتی بڕیاردان و دابینکردنی بودجە لە دەست ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانە.



