رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک لە زێی گەورە لە ئاودا خنکا. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 14 کەس لە سنووری پارێزگاکە خنکاون.
رۆژی سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 05:40 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە کە گەنجێک لە زێی گەورە خنکاوە. تیمەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە و کاژێر 06:00 تەرمەکەیان دەرهێنا."
سەبارەت بە ناسنامەی گەنجەکە، شاخەوان سەعید گوتی: "گەنجەکە ناوی (محەممەد عومەر سەعدون)، تەمەنی 25 ساڵ، پیشەی کاسب و خێزاندار بوو".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: "ئەو گەنجە دانیشتووی گەڕەکی کشتوکاڵ بوو لە قەزای خەبات، بە مەبەستی مەلەکردن چووبووە زێی گەورە."
وەک گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ: "ئەو هاونیشتمانییە لە کاتی رووداوەکەدا کەسی لەگەڵ نەبووە. تەرمەکە رەوانەی دادپزیشکی هەولێر کراوە."
بە گوتەی شاخەوان سەعید، ژمارەی ئەو کەسانەی ئەم ساڵ لە سنووری پارێزگای هەولێر خنکاون، گەیشتە 14 کەس.


