رووداو دیجیتاڵ
نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لە هەرێمی کوردستان گەیشتە سەروو 25 هەزار دینار. بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێ، بەهۆی دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلارەوەیە و دەکرێ زیاتریش بەرزبێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2026 هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی نوێی هەولێر بە رووداوی گوت، "نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ بە زیندەقەپان گەیشتووەتە 9 هەزار 500 دینار، بەراورد بە دوو رۆژی رابردوو هەزار و پێنج سەد دیناری چووەتە سەر."
هەڵمەت هەمزە گوتی، "کیلۆیەک گۆشتی بەرخ تاوەکو دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان 25 بۆ 26 هەزار دەکەوێ، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو نرخەکەی 22 بۆ 24 هەزار دینار بوو."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بەرزبوونەوەیە، هەڵمەت هەمزە گوتی، ئەو ئاژەڵانەی لە نێوخۆدا هەن پێداویستی بازاڕ پرناکەنەوە، ناچار لە وڵاتانی دەرەوە هاوردە دەکرێن، ئێستاش کە دەستکاری بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کراوە، نرخ گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
مانگی ئاب نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 22 بۆ 24 هەزار بوو؛ لە مانگی ئەیلوول نرخەکەی بەرزبووەوە بۆ 25 هەزار دینار. سەرەتای تشرینی یەکەم نرخەکەی بۆ 22 بۆ 24 هەزار دینار دابەزی.
نرخەکان بەم شێوەیە:
- کیلۆیەک گۆشتی رانی بەرخ بە ئێسکەوە 24 هەزار دینارە؛ هەفتەی رابردوو 23 هەزار بوو.
- کیلۆیەک گۆشتی رانی بەرخ بێ ئێسک 25 بۆ 26 هەزار دینارە، هەفتەی رابردوو 22 بۆ 24 هەزار دینار بوو.
هەڵمەت هەمزە گوتی، "ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێنێتەوە، نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ لە سەرجەم شارەکان دەگاتە 27 بۆ 29 هەزار دینار."
هاوکات ئەمڕۆ شەممە، یوسف نازم، گۆشتفرۆش لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "لەگەڵ دەستکاریکردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کیلۆیەک گۆشتی بەرخ هەزار و 500 دینار بەرزبووەوە و ئێستا بە 25 هەزار دەدرێتە هاونیشتمانییان."
سەبارەت بەوەی چۆن لە دەرەوەی سلێمانی نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ 22 هەزار دینارە، ئەو گۆشتفرۆشە گوتی، "گۆشتفرۆشەکانی دەرەوەی شار ئاژەڵەکان هی خۆیانە و هەر خۆشیان سەری دەبڕن، ئەمەش وا دەکات تێچووی سەربڕینی ئاژەڵەکان نەدەن."



