رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دەڵێ، کێشەی کەمئاوی لەو گەڕەکانەی بەهۆی کەمبوونەوەی کارەباوە دروست ببوو، چارەسەرکراوە و ئێستا دابەشکردنی ئاو لە هەموو ناوچەکان ئاسایی بووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێدانی ئاو کە بەهۆی کەمیی کارەباوە لە 30٪ـی هەولێر کەمی کردبوو، لە دوێنێ شەوەوە چارەسەر بووە و ئاسایی بووەتەوە. ئێستا پێدانی ئاو لە هەموو ناوچەکان وەک خۆی لێهاتووەتەوە."
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی، 70٪ـی سنووری هەولێر ئاوی 24 کاژێرییان هەیە و کەمبوونی کارەبا کاریگەریی لەسەر ئەوان نەبوو، بەڵام ئەو 30٪ـی دیکەی کە دانیشتووی سنووری شەقامەکانی 40 مەتری و 60 مەتری هەولێرن، ئاویان کەمی کردبوو.
رابەر حوسێن گوتیشی: "ئەو ناوچانەی کێشەیان هەبوو، ئێستا رۆژانە 12 تاوەکو 13 کاژێر رۆژ نا رۆژێک ئاویان هەیە، لە کاتێکدا هەفتەی رابردوو بەهۆی کەمبوونی کارەباوە ببووە 7 بۆ 8 کاژێر. هەرچەندە ئێمە وێستگەی تایبەت بە خۆمان هەیە و کارەبا لەسەر پڕۆژەکانی دابەشکردنی ئاو نابڕدرێ، بەڵام کەمبوونی کارەبای نیشتمانی کاریگەری لەسەر بەشێکیان هەبوو."
ئەم کێشەیە دوای ئەوە هات، رۆژی 16-07-2026، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەشێوەیەکی کاتی راگیرا، ئەوەش بووەهۆی کەمبوونەوەی 2500 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان و پێدانی کارەبای نیشتمانی بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەوە.
دوێنێ شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانە گاز بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەگەیێننە ئاستی 100٪، بەوەش پێدانی کاژێرەکانی کارەبا گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی.

