رووداو دیجیتاڵ
پیاوێک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی پێشمەرگەیەک دەباتە شوێنێکی چۆڵ و بە سێ فیشەک دەیکوژێ، دواتر تەرمەکەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەسووتێنێت. پۆلیس لە کەمتر لە 24 کاژێردا تۆمەتباری سەرەکی دەستگیردەکات و ئەویش دان بە تاوانەکەیدا دەنێت. کەسوکاری کوژراوەکە دەڵێن: "تاوانەکە داعشئاسا بووە و بۆ دزینی پارە ئەنجامدراوە."
سدیق عەبدولڕەحمان، تەمەن 45 ساڵ، وەک هەموو رۆژێک کاژێر 6:00ـی بەیانی ماڵەکەی لە ناحیەی حاجیاوا جێهێشت و روویکردە بازاڕی ئاژەڵانی ناحیەکە، شوێنی کارکردنی رۆژانەی. سدیق، باوکی شەش منداڵ بوو، جگە لەوەی پێشمەرگە بوو، بۆ بژێوی ژیانی خێزانەکەی کاری ئاڵوگۆڕی دراوی دەکرد.
ئومێد ئەحمەد، هاوپیشەی سدیق، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، باسی لە دوایین دیداریان کرد و گوتی: "شەوی پێش رووداوەکە، سدیق تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی کڕیارێکی هەیە و 15 هەزار دۆلاری کەمە. منیش پێم گوت پارەکە ئامادەیە." ئەو دوو هاونیشتمانییە بەیانییەکەی لە بازاڕ یەکدی دەبیننەوە و سدیق پێی دەڵێت: "تاوەکو ئێستا کڕیارەکە تەلەفۆنی نەکردووە."
دوای ماوەیەکی کەم، سدیق دەگەڕێتەوە لای ئومێد و دەڵێ: "کڕیارەکە ئامادەیە و 150 وەرەقەکەم (15 هەزار دۆلار) پێویستە." ئومێد 10 هەزار دۆلاری دەداتێ و پێکەوە دەچنە ماڵەوە و 5 هەزار دۆلارەکەی دیکەشی پێدەدات. ئومێد دەڵێ، "لەوکاتەوە نەمبینییەوە و ئەو رووداوە ناخۆشە روویدا."
کاژێر 9:00ـی بەیانیی رۆژی یەکشەممە، سدیق پەیوەندییەکی لەلایەن بکوژەکەوە پێدەگات. دوای ماوەیەکی کەم پەیوەندی بە هاوژینەکەیەوە دەکات و پێی دەڵێت: "سەرقاڵم، دواتر تەلەفۆنت بۆ دەکەمەوە." لە دوای کاژێر 9:30 خولەکەوە، پەیوەندیی لەگەڵ کەسوکاریدا نامێنێت.
بەگوێرەی دانپێدانانی بکوژەکە و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، تۆمەتبارەکە بە بیانووی کڕینی پەلەوەر، سدیقی بردووەتە نزیک چیای ماکۆک. شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین، بە رووداوی گوت: "بکوژەکە لەوێ بە دەمانچە سێ فیشەکی لە سدیق داوە و کوشتوویەتی."
دواتر، بکوژەکە تەرمی سدیق دەخاتە شوێنی تەنیشت شۆفێر و ئۆتۆمبێلەکە لێدەخوڕێ. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ: "تۆمەتبارەکە دەبینێت ئۆتۆمبێلەکە گەرمی کردووە و ئاگری گرتووە، دواتر ئەو رایکردووە." بەڵام کەسوکاری سدیق گومانیان لەمە هەیە و دەڵێن: "پێدەچێت بەنزین بە ئۆتۆمبێلەکەدا کرابێت و بە ئەنقەست سووتێندرابێت."
پشکنینی پزیشکی دادی لە سلێمانی دەریخستووە کە فیشەکێک بەر سنگی سدیق کەوتووە و لە بڕبڕەکانی پشتی دەرچووە؛ فیشەکێکی دیکەش بەر قاچی کەوتووە.
کەسوکاری سدیق باس لەوە دەکەن، کوڕەکەیان هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و قەرزارییەکی نەبووە و تاوانەکە تەنیا بۆ دزینی پارەکەی بووە.
بارزان عەبدوڵڕەحمان، برای سدیق، لە کاتی بەخاکسپاردنی براکەی لە گۆڕستانی حاجیاوا، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)دا گوتی: "براکەم بە ناهەق و زوڵم کوژرا. تاوانەکە داعشئاسا کراوە، بە برینداری لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا سووتاندوویەتی." ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، براکەی لە ساڵانی 1990ـەکانەوە پێشمەرگە بوو و لە شەڕی دژ بە داعشیشدا رۆڵی هەبوو.
بابان، کوڕی سدیق، بە رووداوی گوت: "باوکم لانیکەم 4 دەفتەر دۆلاری لە جانتاکەیدا پێبووە؛ بکوژەکە هەمووی بردووە."
پۆلیسی راپەڕین دوای گومانکردن لە سووتانی ئۆتۆمبێلەکە و دۆزینەوەی تەرمەکە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەی ورد دەستپێدەکات. شۆڕش ئیسماعیل دەڵێ: "دوای بەدواداچوونێکی زۆر، کاژێر 1:00ـی شەو، بکوژی سەرەکی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دەستگیرکرا."
جگە لە بکوژی سەرەکی، دوو کەسی دیکەش وەک گومانلێکراو دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە. پۆلیس دەستیشی بەسەر ئەو دەمانچەیەدا گرتووە کە تاوانەکەی پێ ئەنجامدراوە.
خێزانی سدیق، کە سکاڵایان تەنیا لەسەر بکوژی سەرەکی تۆمارکردووە، داوا دەکەن یاسا سەروەر بێت و تاوانبار بە سزای خۆی بگات.

