رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە شەپۆلی گەرما روودەکاتە باشووری کوردستان. کەشناسێک دەڵێت، لە 11 بۆ 4ـی ئێوارە پێویستە هاووڵاتییان لە تیشکی خۆر خۆیان بپارێزن.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سێشەممە 28ـی تەمموزی 2026 رایگەیاند: "ئەمڕۆ کاریگەری شەپۆلی گەرما بۆ سەر ناوچەکەمان دەستپێدەکات بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک پلەی گەرما لە بەرزتریندا دەمێنێتەوە".
کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای یەک هەفتەی داهاتوو بڵاوکردووەتەوە، کە بەمشێوەیەیە دەبێت:
- سەنتەری هەولێر لە نێوان (44-47) پلەی سیلیزی دەبێت
- سەنتەری سلێمانی لە نێوان (43-45) پلەی سیلیزی دەبێت
- سەنتەری دهۆک لە نێوان (43-46) پلەی سیلیزی دەبێت
- سەنتەری هەڵەبجە لە نێوان (44-47) پلەی سیلیزی دەبێت
- سەنتەری کەرکووک لە نێوان (44-48) پلەی سیلیزی دەبێت
- سەنتەری ئیدارەکانی سۆران، زاخۆ، راپەڕین لە نێوان (43-45) پلەی سیلیزی
- سەنتەری ئیدارەی گەرمیان لە نێوان (45-50) پلەی سیلیزی دەبێت
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی هاتنی یەکەم شەپۆلی گەرمای بەتین و چالاکی ئەم هاوینە، گرنگە هاووڵاتییان لە کاژێر 11:00ی نیوەڕۆ بۆ 04:00ـی ئێوارە خۆیان لە چوونە دەرەوە و بەر خۆر بپارێزن، بەتایبەت منداڵان و کەسانی بە تەمەن".
ئەو کەشناسە داوای لە خاوەن ئاژەڵەکان کرد، شوێنی فێنک و سێبەر و ئاوی نوێ و پاک بۆ ئاژەڵ و پەلەوەر دابین بکەن.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان بێ، بەرزیی پلەی گەرما زیاتر لە هەفتەیەک دەخایێنێت لە باشووری کوردستان.


