رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کە چەند ساڵێکە لادراون بۆ دانانەوەیان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبوونەوە. نوێنەرێکیان دەڵێت، پشتیوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان پێویستە کە لە بەغداوە کاریان بۆ بکرێت.
شاباز ناسر، نوێنەری وانەبێژانی لادراو، ئەمڕۆ 28ـی تەمموزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنی سەردانی بەغدامان کرد، یاداشتی داواکارییەکانمان دایە سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان و لەگەڵیان کۆبووینەوە".
ئەو نوێنەرەی وانەبێژانی لادراو گوتیشی: "هەموو فراکسیۆنەکان پشتگیریمان دەکەن، ئێمە داواکارین لە بودجەی ساڵی نوێ پارە بۆ جێگیرکردنمان تەرخان بکرێ، ئەوانیش دەڵێن، با حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوا لە فراکسیۆنەکان بکات بۆ ئەوەی لە یاسای بودجەدا داکۆکی بۆ دامەزراندنتان بکەین".
شاباز ناسر ئاماژەی بەوەدا چاوەڕێن حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە پاساوی نەبوونی داهات ناتوانن دایانبمەزرێنن، هاوکاری فراکسیۆنە کوردستانییەکان بکەن لە بەغدا کار بۆ دامەزراندنیان بکەن.
ئەیلوولی 2024، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان داوای لەو وانەبێژانە کرد، کە لە ساڵانی رابردوودا بە هەر هۆکارێک بووە لە کارەکەیان نەماون، فۆرم پڕبکەنەوە و بیدەنە وەزارەت، لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە، نزیکەی دوو هەزار و 500 وانەبێژ فۆڕمیان پڕکردەوە.
شاباز ناسر گوتی: "بەشێک لەوانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە ئێستا یان لە جێگەی دیکە کار دەکەن یان بە هەر هۆکارێک بێت نایانەوێ ببنەوە وانەبێژ، بۆیە ژمارەکەمان لەوە کەمترە و ئەرکمان بۆ حکومەت ئەوەندە قورس نابێ جێگیرمان بکەن لە جێگەی ئەو هەزاران مامۆستایەی خانەنشین کراون".
ئاکۆ کەریم، نوێنەری نوێنەری وانەبێژانی لادراو لە قەزای دەربەندیخان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆکاری جیاواز لە وانەبێژی لادراین، هەبوو مۆڵەتی نەخۆشی پێ نەدرا و لادرا، هەبوو بەهۆی دایکایەتییەوە و چەندین هۆکاری دیکە، ئێستاش چەند ساڵە چاوەڕوانین دامانبنێنەوە".
ساڵی 2024 زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی وانەبێژ بوون لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرانە گرێبەست. لادراوەکان ئەوانەن بەهۆکاری جیاواز لە وانەبێژی دوورخرابوونەوە و ئێستا داوای دانانەوەیان دەکەن.


