رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان کاتی ئاساییبوونەوەی کارەبای 24 کاژێری نیشتمانی لە شارەکان رادەگەیێنێت و دەڵێ، لە بەرەبەیانی سبەیەوە دۆخی کارەبا قۆناخ بە قۆناخ ئاسایی دەبێتەوە.
رۆژی دووشەممە 27ی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو کاژێر 12:00 بەرهەمهێنان لە دانە گاز دەستپێدەکاتەوە و کاری تێدا دەکرێت، دوای ئەوە لە رێگەی بۆرییەوە گاز بۆ وێستگەکان دەڕوات و دوای 45 خولەک بۆ کاژێرێک لە گەیشتنی گاز بە بۆرییەکان، کارەبا بەپێی ناوچەکان ئاسایی دەبێتەوە."
لەبارەی کاتی ئاساییبوونەوەی پێدانی کارەبا بەپێی پارێزگاکان، سەرچاوەکە وردەکارییەکەی خستەڕوو:
لە پارێزگای هەولێر لە نێوان کاژێر 1:00 بۆ 2:00ی دوای نیوەڕۆوە دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە.
کاژێر 6:00 بۆ 7:00ی سبەی بەیانی، کارەبای 24 کاژێری لە سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە تاوەکو کاژێر 8:00ی بەیانی کارەبا لە دهۆکیش ئاسایی دەبێتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی کارەبا: "دوای دەستپێکردنەوەی بەرهەمی دانە گاز، تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە ئەگەرێکی زۆرەوە کارەبا لە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و دەبێتەوە 24 کاژێری."
شاکر واجد شاکر، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دانە گاز بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو سبەی سێشەممە ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەگەیێننە ئاستی 100%.
ئەمڕۆ کۆمپانیای دانە گاز بڵاویکردەوە، دوای وەرگرتنی گەرەنتی لە بەرزترین ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئاستی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 16-07-2026، بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە بەرهەمهێنانی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی راگیرا، کە بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی 2500 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمیکرد و پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەوە.
کاتی ئاساییبوونەوەی کارەبا بەپێی شارەکان
سلێمانی:
سێشەممە
گەیشتنی گاز:
کاژێر 6ی بەیانی
ئاسایبوونەوەی کارەبا:
کاژێر 7ی بەیانی
هەولێر:
سێشەممە
گەیشتنی گاز:
کاژێر 12
ئاسایبوونەوەی کارەبا:
کاژێر 13
دهۆک:
چوارشەممە
گەیشتنی گاز:
بەرەبەیانی
ئاسایبوونەوەی کارەبا:
کاژێر 8ی بەیانی




