رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی سەنگەسەر، دوو برا لە کاتی مەلەکردندا لە گۆمێکدا خنکان. بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت، تەمەنی یەکێکیان هەشت و ئەوەی دیکەیان 12 ساڵە.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تەممووزی 2026، عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێوارە ئاگادار کراینەوە لە رووداوێکی خنکان لە ناحیەی سەنگەسەر. راستەوخۆ تیمەکانمان گەیشتە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت کە دوو برا لە کاتی مەلەکردندا گیانیان لەدەستداوە."
رووداوەکە لە کاژێر 6:00ـی ئێوارە بووە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانی راپەڕین گوتی: "کاتێک منداڵەکان چوونەتە باخەکانی خۆیان و لە گۆمێکی نزیک ئەوێدا مەلەیان کردووە و خنکاون".
هەردوو براکە بە ناوەکانی هامنۆ هێمن 8 ساڵان و هێڤار هێمن 12 ساڵان بوون.
عەلی قادر دەڵێت، تەرمی هەردوو منداڵەکە سەرەتا رەوانەی فریاکەوتنی سەنگەسەر کراون و دواتر بۆ پشکنین نێردراون بۆ دادپزیشکیی قەڵادزێ.
بە خنکانی ئەو دوو برایە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەم ساڵدا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین لە ئاودا خنکاون، گەیشتە چوار کەس.




