بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سێ پێشنیازی نوێ بۆ رێکخستنەوەی نرخی بەنزین و شێوازی دابەشکردنی خراوەتە بەردەم وەزیری سامانە سرووشتییەکان، هاوکات رێکاری یاسایی بەرامبەر 28 بەنزینخانە گیراوەتەبەر کە "فێڵیان لە هاونیشتمانییان کردووە". رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان، پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و ئەنجوومەنی بەنزینخانەکان، سێ پێشنیازی سەرەکییان خستووەتەڕوو؛ یەکەمیان زیادکردنی پشکی بەنزینی پارێزگای هەولێرە بەهۆی زۆریی خواست لەسەری. سەبارەت بە پێشنیازەکانی دیکە، سالار محەممەد گوتی: "داوامان کردووە نرخی بەنزینی موحەسەن و سووپەر بەپێی نرخی بازاڕ هەژمار بکرێت، چونکە بەنزینخانەکان ناتوانن بەو نرخەی ئێستا بیفرۆشن. هەروەها پێشنیازمان کردووە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بکرێتە سیستمى کۆبۆن، تاوەکو هەر شۆفێرێک بەپێی سەرەی خۆی وەری بگرێت و لەو ماوەیەشدا جۆرەکانی دیکەی بەنزین بەکاربهێنێت." بە گوتەی لێپرسراوی لیژنەی پشکنین، وەزیری سامانە سرووشتییەکان پێشنیازەکان دەخاتە بەردەست سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتاییان لەبارەوە بدرێت. لە لایەکی دیکەوە، تیمەکانی بەدواداچوون بەردەوامن لە پشکنینی بەنزینخانەکان. سالار محەممەد دەڵێت: "لە 73 سەردان، دەرکەوتووە 20 بەنزینخانە بەنزینی کوالێتی خراپیان بە هاووڵاتیان فرۆشتووە و فێڵیان لە جۆری بەنزینەکە کردووە، بە جۆرێک بەنزینی نۆرماڵیان وەک سووپەر فرۆشتووە". لە دوای بڕیارەکەی حکومەتەوە بۆ رێکخستنی نرخ، تاوەکو ئێستا 28 بەنزینخانە لە هەولێر سزا دراون. سزاکانیش بریتی بوون لە داخستنی شوێنەکان و پێبژاردنی دارایی کە بڕەکەی لە تاوەکو 5 ملیۆن دینار دەڕوات، ئەمەش وەک رێکارێک بۆ رێگریکردن لە سەرپێچی و پاراستنی مافی شۆفێران. لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی سووتەمەنی بەرزبوونەوەی پێوانەیی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک لیتری بەنزینی سوپەر 1900 دیناری تێپەڕاند و نۆرماڵیش گەیشتە 1400 دینار. بۆ هاوسەنگکردنەوەی بازاڕ و کەمکردنەوەی نرخەکان، هەفتەی رابردوو حکومەت نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بە 850 دینار، موحەسەن بە 1000 دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاریکردووە. چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران چاودێریی وردی بازاڕ و کوالێتیی بەنزین بکەن و رێگە نەدەن هیچ بارگرانییەک بۆ سەر شانی هاووڵاتییان دروست بێت.
هەواڵە ناوخۆییەکان26-07-2026لە هەرێمی کوردستان لە 6 مانگدا 1000 شوێنی بازرگانی بەهۆی سەرپێچی سزادراون