رووداو - رادیۆ سەرۆکی شارەوانیی کەلار باسی لە دۆخی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ئامادەکارییەکانی شارەوانی بۆ وەرزی بارانبارین و دواین زانیارییەکان لەبارەی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران کرد و رایگەیاند،"ئامادەکاری پێویست بۆ وەرزی بارانبارین کراوە و بەم نزیکانە قۆناخی دووەم دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران دەستپێدەکات." سامان رەحیم، سەرۆکی شارەوانیی کەلار میوانی بەرنامەی 'مژار'ی رادیۆی رووداو بوو، ئاماژەی بەوەکرد لە ماوەی رابردوودا چەندین پڕۆژەی گرنگی قیرکردن و دروستکردنی شەقامی دووساید جێبەجێکراون، لەوانەش دروستکردنی شەقامێکی دووساید لە تەنیشت پڕۆژەکانی نیشتەجێبوونی (رۆیاڵ ستی و شاری شەم) بە درێژیی نزیکەی 900 مەتر، کە بووەتە دەرەچەیەکی نوێ بۆ بەستنەوەی چەند گەڕەکێک بە جادەی پشتێنەیی کەلارەوە. هەروەها شەقامی تەنیشت مزگەوتی ئاشتی بە درێژیی 650 مەتر دروست کراوە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی. سامان رەحیم ئەوەشی خستە روو، کە لەناو گەڕەکەکاندا بەگشتیی نزیکەی 4 هەزار مەتر قیرکردن و شەقامی دووساید ئەنجام دراوە، کارکردن لە قیرکردنی گەڕەکی شارەوانیش دەستپێکردووەتەوە و کۆڵانێکی ناو بازاڕیش بۆ چارەسەرکردنی کۆبوونەوەی ئاو نۆژەن دەکرێتەوە، جگە لە دروستکردنی شەش باخچەی خێزانی و دانانی بیهارتۆن لە چەندین کۆڵاندا. سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی شارەوانی بۆ وەرزی بارانبارین و مەترسییەکانی لافاو، سامان رەحیم روونیکردەوە کە لە مانگی ئابەوە ئامادەکاری کراوە، و لەبەر ئەوەی مەترسیی سەرەکیی کەلار لە ئاوی چواردەور و چەمە وەرزییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەربەستەکانی لافاو توندوتۆڵکراون و رێڕەوە ئاوییەکان پاک کراونەتەوە، هەروەها ئاوبارەی جادە سەرەکییەکان فراوانتر کراون بۆ ئەوەی رێگری لە داخستی رێگەکان بگرن. سەبارەت بە کۆڕنیشی سیروان و رووخانی بەشێکی لە زستانی رابردوودا بەهۆی لافاوەوە، سەرۆکی شارەوانی رایگەیاند،" هۆکارەکەی گرفتی دیزاین بووە، و ئێستا نووسینگەیەکی ئەندازیاری دیزاینی نوێی بۆ دەکات و ئەو بەشەی کە ماوە بە بەردی گابیۆن لە مەترسی لافاو دەپارێزرێت، هەروەها رێڕەوی رووباری سیروان فراوانتر کراوە و رێکخراوەتەوە." لەبارەی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران لە سنووری کەلار، سەرۆکی شارەوانی ئاشکرایکرد کە 11 هەزار و 127 فەرمانبەر لە شاری کەلاردا ناویان گەڕاوەتەوە بۆ شارەوانی، و لە قۆناخی یەکەمدا 5 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و 1077 پارچە زەوی بەسەر کەسوکاری شەهیداندا دابەش کراون. سامان رەحیم جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا لە چاوەڕێی تەواوبوونی قەرەبووکردنەوەی ئەو جووتیارانەن کە زەوییەکانیان بۆ ئیفرازکردن تەرخان کرابوو (لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان و لێژنەی 222ی قەرەبووین)، تاوەکو دوای ئەوە قۆناخی دووەمی دابەشکردنی زەوی بۆ نزیکەی 6 هەزار فەرمانبەری ماوە دەست پێ بکات. سەبارەت بە فەرمانبەرانی سنووری ماددەی 140 و ناوچە دابڕێنراوەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی شارەوانیدان و چاوەڕێی بڕیار و رێنمایی وەزارەتن.
هەواڵە ناوخۆییەکان15-10-2026کڕیارێک کۆمپانیای مەنسوور بە کەمتەرخەمی خزمەتگوزاریی دوای فرۆشتن تۆمەتبار دەکات و کۆمپانیاکەش وەڵام دەداتەوە