رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ بەبێ ئەوەی ئاگادار بکرێنەوە، تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت لە 91 هەزار دینارەوە بۆ 101 هەزار دینار زیادکراوە.
ئەمڕۆ 15ی تشرینی یەکەمی 2026 عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "ئەمڕۆ کاتێک هاتینە سەر کار بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرتی هاونیشتمانیان بینیمان تێچووی دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت لە سیستمەکەدا لە 91 هەزار دینارەوە، کراوەتە 101 هەزار دینار، ئەمەش نیگەرانی کردین، چونکە دۆخی دارایی خەڵک پێویستی بەوەیە تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت کەم بکرێتەوە، نەک زیاد بکرێت."
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی دەڵێت، "لە چەند مانگی رابردوودا هەوڵ هەبوو بۆ کەمکردنەوەی تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت، بەڵام ئێستا بە پێچەوانەوە بڕیار دراوە، ئەگەر خێزانێکی گەورەی 10 کەسی لەم کاتەدا بیانەوێت پاسپۆرت دەربهێنن یان نوێی بکەنەوە ئەوا دەبێت زیاتر لە یەک ملیۆن دینار بۆ ئەو بابەتە خەرج بکەن، کە ئەمەش لەگەڵ دۆخی ئابووریدا ناگونجێت."
بڕیاری زیادکردنی تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت لە ئەمڕۆوە جێبەجێ کراوە و سالار عەبدوڵڵا دەڵێت، ئەم بڕیارە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا لە سێ مانگی رابردوودا بە نووسراوی فەرمی داوایان کردووە، "ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون یان ئەوانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە، لەو بڕە پارەیە ببەخشرێن و بێ بەرامبەر پاسپۆرتیان پێ بدرێت، بەڵام لە وەڵامدا پێیان گوتوون، دەبێت پەرلەمانی عێراق بڕیار بدات تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت کەم بکاتەوە، بەڵام ئێستا بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان یان فەرمانێک دەربکرێت، تەنیا لە رێگەی سیستمەکەوە نرخەکە زیاد کراوە."


