رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دانیشتووانی قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و دەڵێن، رۆژانە زیاتر لە 11 کاژێر کارەبایان نییە و داوادەکەن گرفتەکەیان بۆ چارەسەر بکرێ.
ئەمڕۆ خۆپێشاندەرانی قەزای دووکان بۆ ماوەیەک رێگەی نێو شارەکەیان داخست. یەکێک لە خۆپێشاندەران بە رووداوی گوت: "ئێمە رۆژانە 11 کاژێر کارەبامان دەبڕێ. لەو ماوەیەدا هیچ کارەبایەکمان نییە، چونکە لە سنووری ئێمە کارەبای موەلیدەش نییە. لە قەزاکەماندا بەهۆی بەنداوی دووکانەوە رۆژانە کارەبایەکی زۆر بەرهەمدەهێندرێ، بەڵام کارەبا بۆ دانیشتووانەکەمان نییە."
قەزای دووکان دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکی سلێمانی لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین و پارێزگای هەولێر، ناوچەیەکی گەشتیارییە و گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانی لێیە کە توانای گلدانەوەی زیاتر لە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
رۆژی 16ـی ئەم مانگە کۆمپانیای دانەگاز لەبەر بوونی مەترسیی ئەمنی بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا رایگەیاند، کارەکانی لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی راگرتووە، ئەوەش بووە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی 2 هەزار مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.

