رووداو دیجیتاڵ
دوای بڕیارێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، پشکی بەنزینی 750 دیناری لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر زیاد کرا. بەڵام لە سلێمانی یەک تەنکەر و هەڵەبجەش هیچی بۆ زیادنەکراوە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوای بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، پشکی هەولێر لە بەنزینی 750 دیناری زیادی کردووە. پێشتر رۆژانە 20 بۆ 24 تەنکەر بەنزین دابین دەکرا، بەڵام ئێستا بڕەکە بۆ 45 تاوەکو 55 تەنکەر لە رۆژێکدا زیاد بووە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەم پشکە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەگرێتەوە، ئەوەش بە ئامانجی نەهێشتنی قەیرانی بەنزین لە بازاڕەکاندا.
لە سنووری پارێزگای هەولێر و دەوروبەری 284 بەنزینخانە هەن، کە رۆژانە 40 تاوەکو 50 بەنزینخانەیان بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن. هەر تەنکەرێکی بەنزینیش بڕی 36 هەزار لیتر سووتەمەنی هەڵدەگرێت.
لە پارێزگای دهۆکیش بڕی بەنزینی حکومەتی زیاد کراوە. کارزان رەئووف، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "پێشتر رۆژانە 324 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری بۆ پارێزگاکە دەهات، بەڵام ئێستا بڕەکە بۆ 396 هەزار لیتر زیادی کردووە، کە دەکاتە 11 تەنکەر لە رۆژێکدا."
لەبارەی پارێزگای سلێمانی، سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان بە نزار جەزا، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "دوای بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، تەنیا یەک تەنکەر بەنزین بۆ پشکی سلێمانی زیاد بووە. پێشتر رۆژانە سێ تەنکەر بەنزینمان بۆ دەهات، بەڵام لە پێنجشەممەی رابردووەوە رۆژانە چوار تەنکەرمان بۆ دێت."
هاوکات لە پارێزگای هەڵەبجە، هەوڵەکان بۆ زیادکردنی پشکی بەنزین بەردەوامن. سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە رووداوی راگەیاند، "پێش قەیرانەکە رۆژانە یەک تەنکەر بەنزینمان بۆ دەهات، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانەکە داوامان کردووە پشکەکەمان بۆ زیاد بکەن. بڕیار وایە بڕەکەی زیاد بکرێت و ئێمەش چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەین."
لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی سووتەمەنی بەرزبوونەوەی پێوانەیی بەخۆیەوە بینی، بە جۆرێک لیتری بەنزینی سوپەر 1900 دیناری تێپەڕاند و نۆرماڵیش گەیشتە 1400 دینار.
بۆ هاوسەنگکردنەوەی بازاڕ و کەمکردنەوەی نرخەکان، هەفتەی رابردوو حکومەت نرخی لیتری بەنزینی نۆرماڵی بە 850 دینار، موحەسەن بە 1000 دینار و سوپەری بە 1200 دینار دیاریکردووە.
چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران چاودێریی وردی بازاڕ و کوالێتیی بەنزین بکەن و رێگە نەدەن هیچ بارگرانییەک بۆ سەر شانی هاووڵاتییان دروست بێت.




