رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هێرشی حووسییەکان بۆ سەر سعودیە کاریگەریی نەبووە لەسەر گەشتی عومرە، هەر کاتێکیش هەست بە مەترسی بکەن گەشتەکان بۆ سعودیە رادەگرن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "گەشتی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی وشکانی و ئاسمانی بۆ سعودیە بەردەوامە، ئەو هەواڵانەش کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان دەکەن دوورە لە راستییەوە."
بەڕێوەبەری حەج و عومرە گوتیشی، "تاوەکو ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە هیچ پەیامێکمان بۆ نەهاتووە و پێمان نەگوتراوە بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی وڵاتەکەوە گەشتی عومرەکانی هەرێمی کوردستان رابگرین."
ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کرد، زۆربەی هێرشەکانی سەر سعودیە بۆ سەر شاری ریازە و هیچ پەیوەندییەکی بە شارەکانی مەککە و مەدینەوە نییە، عومرەکارانیش کاتێک دەچنە سعودیە لە فڕۆکەخانەی مەدینە دادەبەزن و ناچنە شارەکانی دیکە.
سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی چەند گەشتێک بۆ سعودیە، بەڕێوەبەری حەج و عومرە روونی کردەوە، لە دوو هەفتەی رابردوودا هیچ گەشتێکی ئاسمانی و وشکانی بۆ سعودیە هەڵنەوەشاوەتەوە.
حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێ، "بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەین و ئەگەر بزانین دۆخی وڵاتەکە ناسەقامگیرە، لەپێناو سەلامەتیی عومرەکاران گەشتەکان بە شێوەی وشکانی و ئاسمانی رادەگرین."
مانگێکە هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر شارەکانی سعودیە زیادی کردووە کە دوایینیان بۆردوومانکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوەڵەتی ریاز بوو کە بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لە دەستدا و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

