رووداو دیجیتاڵ
دوای ناڕەزایی ژمارەیەک هاووڵاتیی گەڕەکی قڕگە و دەوروبەری لە شاری سلێمانی کە شەش رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێت، پەمپی ئاویان بۆ دابینکراوە و کێشەکەیان چارەسەر دەبێت.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 24ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژمارەیەک گەڕەک کە ئاویان لەسەر هێڵی دووی ئاوی سلێمانی – دووکان بوو بەهۆی خراپبوونی پەمپی ئاوەوە شەش رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرا، پەمپ دابینکراوە و لەمەودوا دۆخی دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەبێتەوە".
05ـی تەمموز، بەشێک لە دانیشتووانی گەڕەکی قڕگەی شاری سلێمانی گردبوونەوە و رایانگەیاند، هەفتانە نزیکەی یەک جار ئاویان بۆ بەردەدرێتەوە.
هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی شکانی سێ لە پەمپەکانی پڕۆژەی ئاوی (دووکان - سلێمانی) بوو. ئامانج جەلال گوتی: "پەمپەکان دابینکراون و دەبەسترێن، کە تەواو بوو سێ رۆژ جارێک ئاو دەدرێتەوە ئەو گەڕەکانەی لەسەر هێڵەکەن".
لە سلێمانی زیاتر لە 190 هەزار هاوبەشی ئاو هەن، سەرچاوەی زۆرینەیان ئاوی پڕۆژەی سەرچنار و ئاوی هێڵەکانی یەک و دووی دووکان - سلێمانییە.
