رووداو دیجیتاڵ هاونیشتمانییەک لە شاری سلێمانی دەڵێت، لەکاتی خواردنی جپسێکدا تێبینیی بوونی کرمی کردووە و داوای بەدواداچوون دەکات؛ لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانیش رایدەگەیێنن کە تاوەکو ئێستا سکاڵای فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەن. پەیڕەو ئەحمەد، دانیشتووی شاری سلێمانی، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رۆژی شەممە لە دووکانێکی گەڕەکی تووی مەلیک جپسێکی بوشاری کڕیوە، بەڵام کاتێک کردوویەتییەوە، دەرکەوتووە کرمی تێدایە. هاوکات روونیکردەوە کە بەهۆی ئەوەی راستەوخۆ کیسەکەی فڕێداوە، نەیزانیوە بەرهەمی کام کۆمپانیایە، بەڵام ڤیدیۆی حاڵەتەکەی تۆمارکردووە. لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیەدا، کارگێڕیی کۆمپانیای نم نم کە یەکێکە لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی جپسی بووشار، بە رووداوی راگەیاند، لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەیان کارگەی جیاوازی بووشار هەن و ئەو بەرهەمە پەیوەندیی بە ئەوانەوە نییە؛ جەختیشی کردەوە کە بەرهەمەکانیان بەپێی بەرزترین ستانداردی تەندروستی و پاکوخاوێنی دروست دەکرێن. لەلایەن خۆیەوە، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ سکاڵایەکمان لەسەر ئەم بابەتە پێ نەگەیشتووە، بەڵام هەر کاتێک هاونیشتمانییان لە بوونی کەموکوڕییەک ئاگادارمان بکەنەوە، دەستبەجێ بەدواداچوونی بۆ دەکەین." سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی روودانی حاڵەتی هاوشێوەدا، بەڵگە و زانیارییەکانیان ئاراستەی لیژنەکان بکەن و گوتی: "تیمەکانی پشکنین دەنێرینە شوێنەکە و تەنانەت لە رێگەی کامێراکانی چاودێریشەوە بەدواداچوون بۆ سەرچاوەی بەرهەمەکە و راستیی رووداوەکە دەکەین."
هەواڵە ناوخۆییەکان12-10-2026بەشداربووانی بانکی بەغدا لە ئاکرێ و دەوروبەری داوای ئامێری (ATM)ی زیاتر دەکەن