محەممەد عەزیز
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە زیاتر لە ساڵێکە باڵەخانەی نەخۆشخانەی 25 قەرەوێڵەیی قەزای سیدەکان تەواو بووە، بەڵام تاکو ئێستا نەکراوەتەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت: "بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەکە چاوەڕێی دابینکردنی ئامێرە پزیشکییەکان دەکەین."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ساڵی 2013ـەوە بەردی بناخەی نەخۆشخانەی سیدەکان دانرا، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە کارەکانی راگیران، لە ساڵی 2025 بیناکەی بە گوژمەی 2.5 ملیار دینار لەسەر رووبەری چوار دۆنم تەواو کرا و ئێستا تەنیا چاوەڕێی دابینکردنی ئامێرە پزیشکییەکانین."
نەخۆشخانەکە 25 قەرەوێڵەییە و لە دوو نهۆم پێکهاتووە، بەشی نەشتەرگەری تێدایە بەڵام ئامێرەکانی بۆ دابین نەکراوە. قایمقامی سیدەکان گوتیشی: "تێچووی دابینکردنی ئامێرەکان نزیکەی یەک ملیار دینارە. چاوەڕێ دەکەین لە کاتێکی نزیکدا لە رێوڕەسمێکی شایستە نەخۆشخانەکە بۆ هاووڵاتییان بکرێتەوە."
ئیحسان چەلەبی ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ بەشی نەشتەرگەری پزیشک لە هەولێر و سۆران دێنین، شوێنی مانەوەی پزیشکان لەناو بینای نەخۆشخانەکە دابین کراوە."
لە قەزای سیدەکان هەشت بنکەی تەندروستی هەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەخۆشخانە هاونیشتمانییانی سنوورەکە، بۆ نەشتەرگەری و چەندین نەخۆشیی دیکە دەچنە سۆران و هەولێر.



